بۆچی باڵۆن دۆر نەدرایە ڤینیسیۆس؟

29-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەڵاتی گێرد مۆلەر سامان وڵاتژێری باڵۆن دۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکلابوونەوەی باڵۆن دۆر، بۆ باشترین یاریزانی جیهان ساڵانە قسە و باسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، رەنگە ئەمساڵ یەکێک بێت لەو ساڵانە بێت کە زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوەی من دەیڵێم تەنیا بۆچوونێکی کەسییە.
 
بەر لە دەستپێکردنی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر، بە چەند کاژێرێک سێ پێوەری سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی باڵۆن دۆر ئاشکراکران، یەکەم؛ ئاستی تاکەکەسی و یەکلاکەرەوەیی، دووەم؛ دەستکەوت و نازناوەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵ و سێیەم؛ یاریی خاوێن.
 
لەوەی یەکەمیاندا، ڤینیسیۆس زۆر لە رۆدری یەکلاکەرەوەترە، کاریگەریی لەسەر ئاستی تیپەکە و یەکلاکردنەوەی یارییەکانیش زیاتر بوو.
 
لە خاڵی دووەمدا، لە پرسی یەکلاکردنەوەی نازناو لەسەر ئاستی کۆمەڵ، ڤینیسیۆس چامپیۆنزلیگ، لالیگا، جامی سوپەری ئەورووپا و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێناوە، رۆدری یۆرۆی 2024، پرێمەرلیگ و مۆندیالی یانەکانی بردووەتەوە، لەوەشیاندا لەسەر ئاستی یانەکان ڤینی لە پێشترە.
 
لە خاڵی سێیەمدا، تاکە خاڵە هەمووان لەسەری کۆکن، ڤینیسیۆس دەدۆڕێت، بەهۆی ئەو دۆخەی لە ماوەی رابردوودا پێیدا تێپەڕی، ئەو رەخنە و ناڕەزایەتیان بەرامبەر یاریزانەکە هەبوون، ئەو گلەییانەی بەردەوام یاریزانەکە لە ناوبژیوانان دەیکات.
 
دوای ئەم هەموو پێوەرانە، من پێموایە ئەوەی لە باڵۆن دۆری ئەمساڵدا کرا، بەر لەوەی دژایەتیکردنی ڤینیسیۆس جونیۆر بێت، وەکو یاریزان، دژایەتیکردنی خودی ریال مەدرید بوو، پێتان دەڵێم بۆچی؟
 
لە رێوڕەسمەکەدا، دوو خەڵات دراونەتە ریال مەدرید، یەکەمیان خەڵاتی باشترین یانەی جیهان بوو، کە لەسەر بنەمای بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بووە، خەڵاتی باشترین راهێنەری جیهان دراوەتە کارلۆ ئەنچێلۆتی، ئەوەشیان هەر لەسەر بنەمای بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بووە، پرسیاری من ئەوەیە بۆچی دی لافوێنتێ نەکرایە، باشترین راهێنەری جیهان، لەکاتێکدا یۆرۆی بردووەتەوە، بەڵام رۆدری بە پێوەری بردنەوەی یۆرۆ کرایە باشترین یاریزان؟
 
بۆ ئەوەشیان دەڵێین، رۆدری یۆرۆی بردووەتەوە و ڤینیسیۆس هیچی لەگەڵ بەرازیل نەکردووە، ئەی باشە، دانی کارڤاخاڵ، هاوبەشێکی سەرەکی نەبوو لە بردنەوەی یۆرۆدا، چامپیۆنزلیگ، لالیگا، سوپەری ئیسپانیا و سوپەری ئەورووپای نەبردەوە، بۆچی باڵۆن دۆر نەدرایە ئەو، هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە یاریزانی ریال مەدریدە.
 
هەموو ئەوەی کرا، دژایەتیکردنی ریال مەدریدە، لەکاتێکدا فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە پرسی سوپەرلیگدا کێشەی زۆری بۆ یۆفا دروستکردووە و ئەمساڵ یۆفا بۆ یەکەمجار هاوبەشی فرانس فۆتبوول بوو بۆ پێدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، من لە ئێوە دەپرسم، کێ قبوڵییەتی دژبەرەکەی لە تەنیشتییەوە دابنیشێت و بەدەم بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان لەلایەن یاریزانانی یانەکەیەوە پێبکەنێت و چەپڵە لێبدات، ئێوە بن قبوڵی دەکەن؟ ئێ ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی یۆفاش هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکات بەرامبەر ریال مەدرید و پێرێز بدۆڕێت، بۆیە ڤینیسیۆس بووە قوربانی رکابەری نێوان سەرۆکی یانەکەی و یۆفا.
 
شتێکی دیکە کە فرانس فۆتبوول بۆ ئەمجارە کردی بۆ ئەوەی خۆی لە رەخنەکان بپارێزێت، لە پرسی رەگەزپەرستیدا هێنانی جۆرج ویا بوو، کە وەکو یەکەم ئەفریقی خەڵاتەکەی بردووەتەوە و ویستیان ئەوە لە بیرکردنەوەی هەمووان دەربهێنن، کە پێنەدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بە ڤینیسیۆس بەهۆی رەگەزپەرستییەوە نییە، بەڵام جۆرج ویا خۆی پێشتر کاتێک خەڵاتەکەی بردەوە گوتبووی "دڵخۆش نیم بەبردنەوەی خەڵاتەکە و رۆژی دوای رێوڕەسمەکە سووکایەتیمان پێکراوە."
 
خاڵێکی دیکەی گرنگ لەبارەی خەڵاتە تاکەکەسییەکانەوە، من پێموایە چەندە ئەم خەڵاتانە بەهۆی ئاستبەرزی و دەستکەوتەکانی یاریزانەکانەوە بدرێت، هێندەش بەهۆی کاریگەری و نێوبانگی یاریزانەکانەوەیە، ئێوە بڵێن، ناوبانگی ڤینیسیۆس لە کوێ و هی رۆدری لە کوێیە، بەڵام روونە لە پرسی بازاڕگەریشدا یۆفا قەرەبووی ئەوە بۆ فرانس فۆتبوول دەکاتەوە.
 
ئەگەر وەرزی رابردوو رۆدری باڵۆن دۆری بردباییەوە هێشتا راستتربوو، بەڵام لە بەختی ئەوەبوو مێسی پاڵەوانی مۆندیال بوو، بەڵام بۆ ئەم وەرزە نەخێر، دژایەتی ریال مەدرید نەبووایە دەبووا ئێستا ڤینی باشترین جیهان بێت.
 
شێوازی دابەشکردنی خەڵاتەکان بەمشێوەیە، جارێکی دیکە پێمان دەڵێت گەورەیی ریال مەدرید لەلایەک و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپاش لەلایەکی دیکەوە، زوو یان درەنگیش رکابەریی نێوان پێرێز و فیدراسیۆنەکەش تۆختر دەبێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە