هۆگر حوسێن: لەبەر کێشە داراییەکان نەبووایە رکابەریمان دەکرد

06-04-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن هۆگر حوسێن یانەی هەولێر خولی نایابی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هۆگر حوسێن، کاپتنی یانەی هەولێر لە خولی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند "کێشەی دارایی هۆکاری ئەوەیە کە ئێمە لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندییەکەدا بین". 
 
تیپی خولی کوردستانی یانەی هەولێر لە نیوەی یەکەمی خولی کوردستاندا لە پلەی پێنجەمدا بوو، بەڵام لە نیوەی دووەمی خولەکەدا ئاستی یانەکە وەک پێویست نەبوو و ئێستا لە پلەی 12ـدایە و تەنیا پلەیەک لە ناوچەی دابەزین دوورە. 
 
هۆگر حوسێن، هێرشبەری یانەی هەولێر، بە رووداودی راگەیاند "تیپەکەمان بەسەرەتایەکی زۆر باش دەستیپێکرد و ئامانجمان ئەوەبوو رکابەریی لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندیی خولی نایابی کوردستان بکەین، بەڵام کێشە داراییەکان وایانکرد یانەکە لە نیوەی دووەمدا پاشەکشە بکات".
 
ئەو زیاتر گوتی "کێشە داراییەکان هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی لە رکابەریکردنەوە بگەینە ئەو قۆناخەی شەڕی مانەوە بکەین لە خولەکەدا". 
 
کاپتنەکەی یانەی هەولێر سەبارەت بە چارەسەربوونی کێشەکانی یانەکە زیاتر گوتی "ئەوەی ئێستا هەیە لە یانەکەدا، ئاسۆیەکی روون دەبینرێت بۆ چارەسەربوونی کێشەکان، پێش جەژن مووچەیەکیان بەسەر یاریزانەکان دابەشکرد، ئێمەش وەک یاریزانەکان بەڵێنمان داوە لەو چەند یارییەی کە ماومانە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین و یانەکە لە ناوچەی دابەزین دووربخەینەوە".
 
یانەی هەولێر تەنیا پێنج یاریی لە خولی نایابی کوردستاندا ماوە، کە بەرامبەر هەریەک لە یانەکانی هەندرێن و رانیە لە یاریگەی خۆی و پیشەسازی و رزگاری و شەقڵاوەش لە دەرەوە ئەنجام دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە