رووداو دیجیتاڵ
رافینیای هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، لە دوای بەشداریکردنی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ریال بێتیس، لە هەفتەی 30ی لالیگا، بەتوڕەییەکی زۆرەوە یاریگەی بەجێهێشت و لەسەر هێڵی یاریگە، دەمەقاڵەی لەگەڵ یاریدەدەری ناوبژیوان کرد و لە کاتێکدا هەندێک پێیانوابوو ئەو یاریزانە، کێشەی لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە هەبووە.
بارسێلۆنا لە نێو یاریگەی خۆیدا بەگۆڵێک لەگەڵ ریال بێتیس یەکسانبوو، وێڕای ئەوەش لە پێشەنگی ریزبەندی خولی لالیگا مایەوە بەجیاوازیی چوار خاڵ لەگەڵ ریال مەدریدی نزیکترین رکابەری.
رافینیا لەسەرەتاوە بەشداریی لە یارییەکەدا نەکرد، لەبری ئەو فیران تۆرێس لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەدا بوو، رافینیا لە گێمی دووەمدا بەشدارییکرد، بەڵام نەیتوانی ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندیی تیپەکەی بگۆڕێت.
لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، رافینیا بەرەو خیل مانزانۆی ناوبژیوانی یارییەکە رۆیشت و سکاڵای لە یاریدەدەری ناوبژیوانی یارییەکە کرد و گوتی، "ئەو بەمنی گوت دەمت داخە، ئەو زۆر پیسە".
بارسێلۆنا سەرکەوتوو نەبوو لە قۆستنەوەی هەلی شکستی ریال مەدرید بەرامبەر ڤالێنسیا.
دوای یارییەکە هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بە رۆژنامەڤانانی گوت، رافینیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ناوبژیوان نەبوو، بەڵکو هاواری بەسەرمندا دەکرد.
تاوەکو ئێستا میدیاکان باسی ئەگەری سزادانی رافینیایان بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەوە بەرامبەر یاریدەدەری ناوبژیوانی یارییەکە نەکردووە، بەڵام روون نییە ناوبژیوان لە راپۆرتی خۆیدا لەبارەی یارییەکە، چی لەسەر رووداوەکە نووسیووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ