رووداو هەولێر
دوای گەیشتنی سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی بچووکراوە بۆ شاری هەولێر، بڕیار لەسەر بەشداریکردنی هەڵبژاردەی خانمان کوردستان لە پاڵەوانێتیی جیهان لە تورکیا درا.
محەممەد دۆسەری، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی بچووکراوە، کە خەڵکی سعوودیەیە، شەوی رابردوو گەیشتە شاری هەولێر، ئەم سەردانەی بەمەبەستی ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی و حکومی هەرێمی کوردستان.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووکراوەی عێراق، خولێکی نێودەوڵەتی ناوبژیوانی بۆ 25 ناوبژیوانی کوڕ و کچی وڵاتانی عەرەبی لە کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین کردەوە. محەممەد دۆسەری ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی خولەکەی کرد و پاڵپشتی بەهێزی خۆی بۆ بەشداربووانی خولەکە دووپاتکردەوە.
محەممەد دۆسەری، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی بچووکراوە، یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "هەولێر شارێکی زۆر خۆش و جوانە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ شارەکانی دیکەی جیهان، لێرە هەستم بەوەکرد بەرپرسانی حکومی و خەڵکی بە گەرمی پێشوازی لە میوانان دەکەن، ئێمە پلانی گەورەمان بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکی جیهانی لە شاری هەولێر هەیە".
لە ماوەی 3 رۆژی مانەوەی لە شاری هەولێر، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی بچووکراوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەدات.
سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری وەرزشیی کوردستان بۆ رووداو گوتی "مژدە دەدەینە وەرزشوانانمان فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووکراوەی کوردستان دادەمەزرێنین کە راستەوخۆ سەر بە فیدراسیۆنی جیهانی دەبێت، رەزامەندیشمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردەی کچانی کوردستان بەشداری پاڵەوانێتیی جیهان لە تورکیا بکەن کە دەسکەوتێکی گەورەیە".
یاریی تۆپی پێی بچووکراوە بریتییە لە یاریکردنی دوو تیپی شەش یاریزانی بە تۆپی پێ کە یاری لەنێو یاریگەیەکی چیمەنیی شەش یاریزانیدا دەکەن، لە عێراق ساڵانە فیدراسیۆنی ئەم یارییە پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی لاوان و پێشکەوتووان ساز دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ