رووداو هەولێر
یانەی وەرزشیی سابیس، میوانداری پاڵەوانێتیی باسکەی رەمەزان لە شاری هەولێر دەکات، و بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەرزشیی کوردستان تیپێکی فیلیپینی بەشداری کێبرکێکە دەکات.
ئەم یانەیە ساڵێکە دامەزراوە، بارەگای لەنێو قوتابخانەی نێودەوڵەتی سابیسە و بایەخێکی زۆر بەیارییە وەرزشییەکان دەدات، یاریی باسکە جێگای بایەخێکی زۆری بەرپرسانی یانەکەیە و لەسەر ئاستی کوڕان و کچان یانەکە خاوەن تیپەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان لەگەڵ پێشکەوتووانە.
بەمەبەستی کۆکردنەوەی هەوادارانی یاریی باسکە لە هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشبردنی ئاستیان، بڕیارە ئەمشەو پاڵەوانێتی باسکەی رەمەزان ساز بکرێت، یارییەکان بە بەشداری 7 یانەیە و یارییەکانی یازدە رۆژ دەخایەنێت.
نەوشیروان رۆستەم، جێگری سەرۆکی یانەی سابیس، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، رایگەیاند "ئامانج و پلانی ئێمە لە سازکردنی پاڵەوانێتیی باسکەی سابیس لە مانگی رەمەزان بوژاندنەوەی ئەم یارییە و کۆکردنەوەی هەوادارەکانیەتی لە شاری هەولێر، هەموو ئامادەکارییەکی بەڕێوەچوونی یارییەکان لە رووی ناوبژیوانی و کارگێڕی لەگەڵ دابینکردنی هۆڵی داخراو تەواوبوون".
تیپە بەشدارەکانی پاڵەوانێتیی باسکەی رەمەزان بریتین لە: لاوانی یانەی سابیس، پێشکەوتووانی یانەی سابیس، ئاسۆ، ئەکاد عەنکاوە، هێرش، دهۆک، تیپی فیلیپینیەکانی هەولێر لەگەڵ غازی شیمال.
رۆستەم زیاتر روونیکردەوە "ئەوەی یارییەکان جوان دەکات تیپەکان هەمەڕەنگن و لە هەرێمی کوردستان و دەرەوە وەرزشوانان تێکەڵ دەبن، ئێمە بڕوامان وایە وەرزش بۆ هەموو رەنگ و نەتەوەکانە، فیلیپینییەکانی هەولێر وەرزشوانی باشیان تێدایە و دەمانەوێت کلتووری تیکەڵبوونیان لەگەڵ وەرزشوانانی هەرێمی کوردستان هەبێت و مافی بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکەمان پێدان، بەشداریکردنی یانەی غازی شیمال هێزێکی زۆر بە یارییەکان دەدات، لەبەرئەوەی تیپێکە بەشداری خولی نایابی باسکەی عێراقە".
یانەی سابیس لە 2022 دامەزراوە و مۆڵەتی کارکردنی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش وەرگرتووە، لەسەر ئاستی کچان لە یەکەم بەشداریکردنی لەسەر ئاستی عێراق پلەی دووەمی پاڵەوانێتیی باسکەی کچانی عێراقی بردەوە، لەسەر ئاستی کوڕانیش یانەکە بەشداری خولی یانە پلە دووەکانی عێراقی کرد.
بەپێی ئەو پلانەی بەرپرسانی یانەی سابیس دایانڕشتووە، بۆ چەند ساڵی داهاتوو تیپی باسکەیان سەرکەوێت بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق، بەشداریکردنی زۆرترین تیپیان لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە لایەنێکی دیکە کارەکانیانە و بڕیارە تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەکە بەشداری پاڵەوانێتیی باسکەی دوبەی کراوە بکات.
لە یەکەم رۆژی پاڵەوانێتیی باسکەی رەمەزان ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن-:
لاوانی سابیس - ئەکاد عەنکاوە
هێرش - دهۆک
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ