نەورۆز تۆپی پێ و سلێمانی بەیەکدی شاددەکاتەوە

28-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سامان وڵاتژێری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

من سەرەتا کە وێنەکەم بینی سەرنجی سیجی یارییەکەم نەدا و نەمدەزانی یارییەکە لەنێوان کێ و کێیە و شوێنەکەیشی کوێیە، هەستم دەکرد یاریگەکە یاریگەیەکی پرێمەرلیگە، لەوەش جوانتر ئەوەیە کە یارییەکە نە یارییەکی کۆتاییە و نە بردنەوەی یارییەکەش دەتکاتە پاڵەوان، ئەوە یاریگەی نەورۆزەە.
 
نەورۆز چەند ساڵێکی کەمە لەسەر نەخشەی تۆپی پێی عێراق شوێنی خۆی کردووەتەوە، بەڵام هەرزوو دڵی هەمووانی بۆخۆی راکێشا و رۆژ لەدوای رۆژ جوانتر و باشتر دەردەکەوێت.
 
لە وەرزی یەکەمی سەرکەوتنیان بۆ خولی عێراق، نەورۆز بە ئاستە جوانەکەی بووە سیمایەکی جوانی تۆپی پێی کوردستان لە خولی عێراقدا و هەر ئەو نەورۆزەش بووە هۆکاری دەرکەوتنێکی شایستەتری ئاسۆ رۆستەم، محەممەد دلاوەر و چەندین ئەستێرەی دیکەش.
 
بەشداریی کارا و جیاوازەکەی نەورۆز لە تۆپی پێی عێراقدا، ئەم وەرزە زیاتر لە هەموو جارێک بۆ هەمووان جێگەی سەرنجە، بەو پێیەی یانەکە لە ساڵانی رابردوودا تەنانەت یاریگەی خۆیشی نەبوو یاریی تێدا بکات و رووبەڕووی چەندین بەربەست دەبووەوە، بەڵام ئاستبەرزی و ئەنجامە باشەکانی یانەکە لای هەمووان رێزلێگیراو بوو و هەرسێ یانەکەی دیکەی کوردستان، هەولێر، دهۆک و زاخۆ، مامەڵەیەکی برایانە و وەرزشیانەیان لەگەڵ یانەکە کرد و هەمیشەش دەرگایان بۆ یانەکە کراوە بووە.
 
تەوابوونی یاریگەی نەورۆز، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، شانازییەکی گەورە بوو بۆ یانەکە، سلێمانی، تۆپی پێی کوردستان و هەموو عێراق، ئێستا کەم یاری هەیە یاریگەکە پڕ نەبێت، کەم یاری هەیە، سلێمانی بەبێ بیرکردنەوە لەوەی یانەکە هی کێیە و کێ پاڵپشتیی دەکات خۆی لە یاریگە قەشەنگەکەی نەورۆزدا نەبینێتەوە.
 
دوای نەمانی یانەی سلێمانی لەنێو رکابەرییەکانی تۆپی پێی عێراق و کوردستاندا، ماوەیەکی زۆربوو، پایتەختی رۆشنبیری جوانییەکی ئاوای لە تۆپی پێدا بەخۆیەوە نەبینیبوو، بەڵام ئێستا کە نەورۆز هەیە، هەمووان پێی دڵخۆشن و هەمووان پاڵپشتیی دەکەن و نەورۆز بەمشێوەیە تۆپی پێ و شارەکە بەیەکدی شاددەکاتەوە.
 
ئەوەی بۆ من زۆر جێگەی سەرنجە، شێوازی دروستکردنی یاریگەکەیە، یاریگەی نەورۆز لە رووی دیزاینەوە زۆر سەردەمیانە و لەسەر شێوازی یاریگە گەورەکانی ئەورووپا دروستکراوە، نزیکیی هاندەران لە گۆڕەپانی یاریگەوە هەرچەندە هەندێکجار مەترسییە و پێویستیی بە هێزی ئاسایشپارێزی زیاتر دەبێت، بەڵام یاریگەکەی جوانتر کردووە و کاریگەریی زیاتریش لەسەر یاریزانان دروستدەکات.
 
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە یانەی نەورۆز، پشتبەستنی بەردەوامی یانەکەیە بە یاریزانی کورد و هەمیشە لە تیپەکەدا یاریزانانی کورد رۆڵی گەورەیان پێدەدرێت، لە رووی کارگێڕیشەوە یانەی نەورۆز لە دۆخێکی سەقامگیردایە و کەمترین کێشەیان هەیە.
 
جوانییەکی دیکەی نەورۆز ئەوەیە کە من وەک رۆژنامەڤانێک شایەتی بۆ دەدەم، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان هەمیشە بەوپەڕی رێز و موحیبەتەوە مامەڵە لەگەڵ میدیا دەکەن و هەرگیزیش خۆیان ناخەنە نێو ئەو بۆشاییەی کە دەکرێت ببێتە هۆکاری تێکدانی ئەو ئارامییەی لە یانەکەدا هەیە.
 
ئەوەی زیاتر دڵخۆشم دەکات، ئەو پێشکەوتنە خێرایەیە کە نەورۆز لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بەخۆیەوە بینیوویەتی، لەکاتێکدا ئەوان لە یاریگەی چیمەنی دەستکردەوە دەستیانپێکرد و ئێستا لە یاریگەیەکی خنجیلانەدا لاپەرەکانی مێژوو بەناوی خۆیانەوە تۆمار دەکەن.
 
نەورۆز، ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی و هاوشێوەی یادەکە کە هەموو کورد لەسەری کۆکن و وەک جەژنی نەتەوەیی یادی دەکەنەوە، وەک یانەش نەورۆز لای هەمووان قبوڵکراوە و ئێستا یەکێک لە جوانترین یانەکانی کوردستان و هەموو عێراقە و نوێنەرێکی راستەقینەی سلێمانییە لەسەر نەخشەی تۆپی پێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە