بەسرە میوانداریی پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی رۆژئاوای ئاسیا دەکات

27-05-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی رۆژئاوای ئاسیا
A+ A-
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی میوانداری یارییەکانی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە شاری بەسرە دەکات.
 
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە رۆژی 29ـی ئەم مانگە لەنێو یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی دەستپێدەکەن و سێ رۆژ دەخایێنێت، بەرپرسانی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق جەختیان لە ئامادەیی یاریگەکە لەڕووی تارتان و چیمەنەکەی بەشێوەیەکی باش کردووەتەوە. 
 
زەیدون جەواد، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، ریگەیاند "ئێمە ئامادەین بۆ لەباوەشگرتنی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەرزشیی وڵاتەکەمان، تەواوی خەرجی پێشوازی و مانەوە و هاتووچۆی هەڵبژاردەکان و میوانانی وەشانی پێنجەمی پاڵەوانێتیەکەمان لە ئەستۆگرتووە".
 
چاوەڕواندەکرێت 13 هەڵبژاردەی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا بەشداری پاڵەوانێتییەکە بکەن، ئەو یاریزانانەی پلەکانی پێشەوە دەبەنەوە مافی بەشداریکردنیان لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس پێدەدرێت. 
 
جەواد زیاتر روونیکردەوە "دەرفەتێکی باشە بۆ یاریزانانمان بە پاڵپشتییەکی بەهێزی هاندەرانمان و لەنێو خاکی خۆمان بتوانین زۆرترین سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بتوانن بگەنە یارییەکانی ئۆڵیپمیادی پاریس، خەونی هەموومانە زۆرترین یاریزانمان بگەنە پاریس". 
 
جاری یەکەمە عێراق میوانداری پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی فەرمی دەکات، بەر لە 45 ساڵ یارییەکانی پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی کەنداو لە 1977 لە بەغدا بەڕێوەچووە، لە 1979 یارییەکانی پاڵەوانێتیی عەرەب لە هەمان شار بەڕێوەچووە. 
 
هەڵبژاردەی عێراق بە 66 یاریزانی کوڕ و کچ بەشداری پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیای کردووە. 
 
یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە بووەتە پێگەیەکی گەورەی وەرزشی بۆ عێراق، ساڵی 2013 دروستکراوە و شوێنی 65000 هاندەری تێدا دەبێتەوە، پێشتر یارییەکانی جامی کەنداوی 25 ی تێدا بەڕێوەچووە کە هەڵبژاردەی عێراق نازناوەکەی بردەوە، میوانداری یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 دەکات و هەڵبژاردەی خانەخۆی رکابەری هەڵبژاردەکانی دیکە لەنێو ئەم ئەم یاریگەیەدا دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە