هەڵبژاردەی عێراق بۆچی بۆ مەشقکردن دەوحەی هەڵبژارد؟

26-08-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەندامێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئاشکرایکرد، کە کردنەوەی کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق و ئامادەکارییان بۆ یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە قەتەر لەسەر داوای کاساسی راهێنەر بووە. 
 
دوێنێ یەکشەممە هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە قەتەر و دوای پشوودان، راستەوخۆ بەسەرپەرشتی خیسۆس کاساسی راهێنەر یەکەم یەکەی راهێنانیان لە زانکۆی قەتەر لە شاری دەوحە ئەنجامدا، کە 18 یاریزان بەشداربوون. 
 
ئەحمەد موسەوی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە شاری دەوحەیە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "لەسەر داوای کاساسی راهێنەر کەمپی راهێنانمان بردە شاری دەوحە، ئەو بۆ ئێمەی روونکردەوە کە دەبێت یاریزانەکان لە کەش و هەوای ناوخۆی وڵات دووربخەینەوە بەتایبەت خولەکەمان زۆر لە کاتێکی درەنگ تەواوبوو، بۆیە راهێنەر ویستی گۆڕانکارییەک لە دەروونی یاریزانانە ناوخۆییەکان دروستبکات". 
 
هەڵبژاردەی عێراق رۆژی 2ـی مانگی سێپتێمبەری داهاتوو لە شاری دەوحە راهێنان دەکات، لە یەکەم وێستگەی راهێنانەکاندا تیپەکە شەوی رابردوو لەنێو کەشێکی گەرم و شێداردا، کە پلەی گەرمی 35 پلەی سلیزی و رادەی شێ لە 63٪ بوو، راهێنانەکانی ئەنجامدا.
 
موسەوی زیاتر روونیکردەوە "پێموایە سوودێکی زۆر لەو کەمپی راهێنانە دەبینین، چونکە کەش و هەوای گەرمی شاری دەوحە نزیکە لە کەش و هەوای شاری بەسرە، ئەمەش بۆ یاریزانانمان مایەی سوودمەندییە". 
 
یاریزانە بەشدارەکانی کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق، لە شاری دەوحە بریتین لە: جەلال حەسەن، عەلی کازم، حوسێن حەسەن، محەممەد قاسم، ئەحمەد یەحیا، سەعد ناتق، پاشانگ عەبدوڵڵا، زەید تەحسین، هیران ئەحمەد، ئەحمەد مەکەنزی، سەفا هادی، مستەفا سەعدون، موهەند عەلی، ئاکام هاشم، حەسەن عەبدولکەریم، لوئەی عانی، ئەمجەد عەتوان، مەناف یونس. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە هەریەک لە ئوسامە رەشید، رێبین سولاقا لەگەڵ محەممەد تائی پەیوەندی بە راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق لە شاری دەوحە بکەن. 
 
رۆژی 5ـی مانگی سێپتێمبەری ئەمساڵ هەڵبژاردەی عێراق لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی عوممان دەکات، یارییەکە لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە بەڕێوەدەچێت. 
 
لە چەند رۆژی رابردوو دوای ئەوەی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە هەڵبژاردەی عێراق کرد، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گرێبەستی لەگەڵ خیسۆس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەکەی تا کۆتایهاتنی مۆندیالی 2026 نوێکردەوە. 
 
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی دایە میدیاکان کاتێک گوتی "خەونی عێراقییەکان دەکەمە راستی بە گەیشتنی تیپەکەمان بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026". 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا جارێک بەشداری یارییەکانی مۆندیالی کردووە، کە لە 1986 مۆندیالی مەکسیک بوو، خاوەن نازناوێکی جامی ئاسیایە کە لە 2007 بردییەوە، لە جامی کەنداویش خاوەن 4 نازناوە و دوایین جامی کەنداویش بەسەرکردایەتی خیسۆس کاساس بوو. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە