پەیامێک لە فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە بۆ کیلیان ئێمباپێ

26-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دوای یارییەکەی ڤایادۆلید، پەیامێکی ئاراستەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی یانەکەی کردووە و دڵنیایی پێداوە کە لە یاریی داهاتوودا گۆڵ دەکات.
 
ریال مەدرید دوای لەدەستدانی دوو خاڵ لە گەڕی یەکەمی لالیگادا، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی خولەکەدا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی ڤایادۆلیدی کرد و بە ئەنجامی 3-0 لێیبردەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ لە دوو یاریی یەکەمی لالیگادا نەیتوانیوە رێگای گۆڵکردن بدۆزێتەوە، بەتایبەتی بەرامبەر ریال ڤایادۆلید، کە یەکەم یاریی ریال مەدرید بوو لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام بدرێت.
 
بەگوێرەی تۆڕی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید دوای یارییەکەی ڤایادۆلید حەزی دەکرد لە ژووری جلگۆڕین بێت و پیرۆزبایی لە تیپەکەی بکات بۆ یەکەم سەرکەوتنی ئەم هاوینە لە لالیگا.
 
روونیشیکردەوە، سەرۆک پێرێز گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ چەند یاریزانێکدا هەبووە، یەکێک لەوانە ئێمباپێ بووە، و پێیگوتووە "ئەمڕۆ چەندجارێک زۆر نزیک بوویتەوە لە گۆڵ تۆمارکردن، بەدڵنیاییەوە لە یاریی داهاتوودا گۆڵ تۆمار دەکەیت".
 
کیلیان ئێمباپێ لەم هاوینەدا بەبێ بەرامبەر رووی لە ریال مەدرید کرد، دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان.
 
ئێمباپێ سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی مێرێنگێ لە کاتی بردنەوە 2-0 لە ئاتالانتا لە جامی سوپەری ئەورووپا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە