کیلیان ئێمباپێ هاندەرانی ریال مەدریدی بێهیوا کرد

18-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دییجیتاڵ
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان هاندەرانی یانەی ریال مەدرید بێهیوا دەکات و مانەوەی لە پاریس سانجێرمان راگەیاند.
 
ئێمباپێ لەلێدوانێکی نوێدا بە کەناڵی تێلیفۆتی فەرەنسیی گوت "وەرزی داهاتوو لە یانەی پاریس سانجێرمان دەمێنمەوە، دوای ئەوە لە 2024 بڕیار لەبارەی داهاتووی خۆمەوە دەدەم، لە ماوەی ساڵێکدا زۆر شت دەگۆڕێن، بەتایبەت لە یانەیەکی وەک پاریس سانجێرماندا.
 
ئێمباپێ ئەم قسانەی لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسادا، بۆ یاریی داهاتوویان بەرامبەر یۆنان لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024ـدا کرد و گوتی "پێشتریش ئەوەم راگەیاندووە کە دەمێنمەوە."
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئێمباپێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بژاردەی یەکەمی بۆ وەرزی داهاتوو پاریس سانجێرمانە و دەیەوێت لە یانەکە بمێنێتەوە، دوای ئەوە بڕیاری خۆی دەدات.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی کاروانی وەرزشیی هەیە؟ کیلیان گوتی "سەرۆک دەیەوێت بمێنمەوە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کاروانی یارییکردنی من نییە."
 
ئەم قسانەی ئەستێرە فەرەنسییەکە لەکاتێکدان، یاریزانەکە ماوەیەکی زۆرە ئامانجی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە، دوو هاوینە لەسەریەک هاندەرانی یانەی شاهانە چاوەڕێی پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە بە یانەکەیانەوە دەکەن، بەڵام ئەو هەر مانەوە لە فەرەنسا و پاریس سانجێرمان هەڵدەبژێرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە