یاریزانێکی پێشووی بارسێلۆنا: مێسی خووی گەنجەکانی تێکدەدا

03-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن میۆنێل مێسی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیڤن پرێنس بواتینگی یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و هاوتیمی لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتین، ئاشکرایکردووە، هەڵسوکەوتەکانی مێسی کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر یاریزانە لاوەکان دروستکردووە.
 
بواتینگ رایگەیاندووە ئەوەی مێسی پێش یارییەکان و لەکاتی مەشقەکاندا کردوویەتی، رەنگدانەوەی خراپی لەسەر یاریزانە لاوەکان هەبووە.
 
بوایتنگی یاریزانی پێشووی گانا، لەماوەی خواستنی لە ساسولۆی ئیتاڵییەوە بۆ بارسێلۆنا لە وەرزی 2018 - 2019 لەگەڵ مێسی هاوتیم بووە. بەشداری لە تەنیا چوار یاریی یانەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا کردووە و لەگەڵ یانەکەشدا نازناوی لالیگای بەدەستهێناوە. لەو وەرزەدا مێسی بەتۆمارکردنی 36 گۆڵ بووە گۆڵکەری خولەکە.
 
وێڕای درەوشانەوەی مێسی لەو وەرزەدا و پێشەوایەتیکردنی بارسێلۆنا بۆ بەدەستهێنانی هەشتەم نازناوی لالیگا لە یانزە ساڵدا، بواتینگ هەندێک زانیاریی نوێی لەبارەی شێوازی مامەڵەی میسییەوە ئاشکراکردووە.
 
ئەو یاریزانە دانیبەوەداناوە کە مێسی لە مەشقەکاندا هیچ خۆی ماندوو ناکات، بەشێوەیەک کە ئەو رۆتینەی ئەو پەیڕەوی دەکات، رەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر یاریزانە لاوەکان دروستکردووە.
 
ئەو دەڵێ، "بەرلەوەی بچینە خۆگەرمکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی لیڤەرپوول لە نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەو وەرزە، لە ژووری جلگۆڕین بووین، ئەویش لەوێ دانیشتبوو سەرقاڵی تەماشاکردنی مۆبایلەکەی بوو و جەستەیان دەشێلا".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دوو خولەک بەرلەوەی بچینە نێو یاریگە، ئەو هەڵسا و قەیتانەکانی بەست و روویکردە یاریگە بۆ خۆگەرمکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی لیڤەرپوول".
 
بواتینگ زیاتر دەڵێ، "هەندێک شوتمان بۆ گۆڵ لێدا و ئیدی ئەو گەڕایەوە ژووری جلگۆڕین. راهێنەر دوایین رێنوێنی تەکتیکیی پێداین، لە کاتێکدا ئەو هەر سەرقاڵی مۆبایلەکەی بوو و بەفەیس تایم قسەی دەکرد".
 
زیاتر دەڵێ، "سی چرکە بەرلە چوونە دەرەوەمان بۆ یاریگە، هات و درێسەکەی لەبەرکرد و گۆڵێکیشی تۆمارکرد و دواتر یارییەکەمان 3 - 0 بردەوە".
 
بوایتنگ دەڵێ، یاریزانە لاوەکانی وەک ماڵکۆم و دێمبلی، کاتێک مێسییان دەبینی بەو شیوەیە، لاسایی ئەویان دەکردەوە و مەشقیان نەدەکرد و یەکسەر دەچوونە نێو یاریگە، هەربۆیە دووچاری پێکان دەبوون".
 
بواتینگ کە بۆ 15 یانەی جیاواز لە پێنج وڵات یارییکردووە، لەبارەی ژیانی خۆیەوە ئاشکرایکردووە کە خەرجییەکانی زۆر بووە و نەیتوانیوە ببێتە وەرزشڤانێکی پرۆفیشناڵ.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "من گێل بووم. بەڵام بەهرەمەندبووم، پێموانەبوو کە تۆپی پێ پیشەیە، هەر بۆیە رۆژانە کەمتر لە کاژێرێک مەشقم دەکرد، دوای هەمووان دەچوومە مەشق و پێش هەمووان دەگەڕامەوە. لەگەڵ هاوڕێکانم دەچوومە دەرەوە، پارەم هەبوو و ژیانێکی خۆش دەژیام، نەدەچوومە جیم و ئەوەش کاروانی منی تێکدا".
 
بواتینگ کە لە یانەکانی پۆرتسمۆس، جێنوا، میلان، شالکێ، لاس پاڵماس، ئاینتراخت فرانکفۆرت، ساسولۆ، فیۆرێنتینا، بیشکتاش، مونزا و بارسێلۆنا یارییکردووە، لە نێوان 2010 و 2014 یاریی بۆ هەڵبژاردەی گانا کردووە.
 
پرێنس بواتینگ زیاتر دەڵێ، "سێ ئۆتۆمبێلم لە یەک رۆژدا کڕی، لامبۆرگینی، هامەر و کادیلاک، پێموابوو دڵخۆشم، بەڵام لە راستیدا دڵخۆشیی ناکڕدرێت، من کێشەی خێزانیم هەبوو و یارییم نەدەکرد، بەدوای دڵخۆشیدا دەگەڕام لە شتە مادییەکاندا. ئۆتۆمبێلێکم دەکڕی بۆ ئەوەی هەفتەیەک پێی دڵخۆش بم، سێ ئۆتۆمبێلم لە رۆژێکدا کڕی، بۆ ئەوەی سێ هەفتە دڵخۆش بم".
 
بواتینگ دوایینجار لە نێوان 2021 تاوەکو 2023 لە ریزەکانی هێرتا بەرلینی ئەڵمانی یارییکرد، دوای 38 یاریی لەو یانەیە، بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە