هەکار گەردی نازناوێکی نێودەوڵەتی لە تایلەند بەدەستهێنا

03-04-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەکار گەردی هونەرەکانی جەنگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەکار گەردی، پاڵەوانی کورد لە هونەرە جەنگییەکان توانی نازناوێکی دیکەی نێودەوڵەتی لە وڵاتی تایلەند بباتەوە. ئەو بە رووداوی گوت "بۆ من شانازییەکی زۆر گەورەیە وەک کوردێک نازناوەکان ببەمەوە".
 
ئەو پاڵەوانە کوردە تەمەنی 27 ساڵە و خەڵکی هەولێرە، زیاتر لە 15 ساڵە خولیای سەرەکی بووەتە یارییەکانی موای تای، کیک بۆکسینگ، بۆکسێن و هونەری شەڕی تێکەڵاو. لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق وەرزشوانێکی ناسراوە و دەیان پشتێن و جامی پاڵەوانێتییەکانی بەرزکردووەتەوە. 
 
یەکەم هەنگاوی بەجیهانیبوونی هەکار گەردی، پاڵەوانی کورد لە ئەفغانستان بوو، کاتێک لە 2022 بەشداریی پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی هونەری شەڕی تێکەڵاوی کرد، توانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە. خەونەکانی هەکار بەوەندە نەوەستان و ئەمجارەیان لە 2023 بەشداری پاڵەوانێتییەکی جیهانی کیک بۆکسینگی لە ئیندۆنیزیا کرد و پلەی دووەمی جیهانی بەدەستهێنا. 
 
ئەو پاڵەوانە کوردە، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی و زیادکردنی نازناو و دەسکەوتەکانی، چووەتە کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە وڵاتی تایلەند، 25 رۆژە ئەو پاڵەوانە کوردە لە شاری بانکۆکی پایتەخت لەگەڵ راهێنەر و شارەزایانی یارییەکەی سەرقاڵی بەرزکردنەوەی ئاستیەتی، بەشداری ژمارەیەک پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیش دەکات. 
 
هەکار گەردی، وەک پاڵەوانێکی کورد و بەناوی کوردستان لە یەکەم بەشداریکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکانی تایلەند، لە شاری پۆکێت بەشداری پاڵەوانێتییەکی موای تای نێودەوڵەتی کرد کە رووبەرووی یاریزانێکی ئەڵمانی بووەوە، هەکار توانی بە لێدانی کوشندە یارییەکە و پشتێنی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە. 
 
هەکار گەردی، پاڵەوانی کورد لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "دڵخۆشم و شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە وەک کوردێک و بەناوی کوردستان بەشداریی پاڵەوانێتییەکان دەکەم، دەمەوێت بۆ هەموو جیهان بسەلمێنم کە ئێمەش خاوەنی وەرزشوانی بەهێزین". 
 
بڕیارە مانگی داهاتوو هەکار گەردی بەشداری پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی راداجامنێرن لە شاری بانکۆک بکات کە سەرجەم یاریزانە بەهێزەکانی دنیا لە یاری موای تای بەشدارن.
 
گەردی روونیکردەوە "سوپاسی بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی و شێخ مەهەند سیروان بارزانی دەکەم کە هاوکارییەکی گەورەیان کردووم و ئەوان وایانکرد بگەمە ئێرە و ئەو نازناوە ببەمەوە، قۆناخی داهاتووم بەهێزە و ئامادەکارییەکی باشی بۆ دەکەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە