چەند پەیامێکی کاریگەر لە لیۆنێل مێسییەوە بۆ هەمووان

13-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کۆپا ئەمریکا مۆندیال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی کۆپا ئەمریکای 2024 دەڵێت "ئەرجەنتین هەمیشە بەربژێر، چ لە کۆپا ئەمریکادا یان لە مۆندیالدا" و بە تووندی وەڵامی قسەکانی کیلیان ئێمباپێ دەداتەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتی "یۆرۆ لە مۆندیال بەهێزترە."، ئەم قسانەی ئێمباپێ کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا کە لیۆنێل مێسی بەشدار بوو، پرسیار لە ئەستێرە ئەرجەنتییەکە کرا، لەبارەی قسەکانی یاریزانە فەرەنسییەکەوە، ئەو لە وەڵامدا گوتی "هەر یەکێک گرنگی بەو پاڵەوانێتیە دەدات کە تیایدا یاری دەکات. یۆرۆ پاڵەوانێتییەکی زۆر گرنگە، بەڵام تۆ ئەرجەنتینی سێ جار پاڵەوانی جیهان و بەرازیلی پێنج جار پاڵەوانی جیهان و ئۆرۆگوایی دووجار پاڵەوانی جیهان پشتگوێ دەخەی."
 
لیۆ زیاتر گوتی "زۆر لە پاڵەوانەکانی جیهان لە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکەدان، چۆن دەڵێی یۆرۆ قورسترین پاڵەوانێتییە، جگە لەوەش هەڵبژاردەکانی ئەمریکا ناتوانن رکابەری هەڵبژاردەکانی ئەوروپا بکەن."
 
مێسی لەبارەی یارییەکانی کۆپا ئەمریکاوە دەڵێت "ئەمڕۆ ئێمە لە گەورەترین بەربژێرەکانین، بەهۆی ئەوەی کۆپا ئەمریکای رابردوو، فاینالیسیما و مۆندیالمان بردووەتەوە، بەهۆی ئەو کۆمەڵە یاریزانەی ئێستا هەمانە، هەروەها ئەرجەنتین هەمیشە بەربژێرە چ لە کۆپا ئەمریکادا بێت یان لە مۆندیال، ئەم کۆپا ئەمریکایە زۆر بەهێز و پڕ رکابەری دەبێت، بەڵام هەلی ئەوەمان هەیە جارێکی دیکە لەنێو باشترینەکاندا بین."
 
لیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "چەند رۆژێکە مەشق دەکەین، شێوازی مەشقکردنی یاریزانەکانمان سەرنجم رادەکێشێت، ویستی ئەوان و پەرۆشیان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە سەرسامم دەکات."
 
مێسی باس لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات و دەڵێت "کاتێکی زۆرم لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەسەربرد، بەزۆر کاتی سەختدا تێپەڕیم لە کاروانی یارییکردنمدا بۆ هەڵبژاردەکە، لەگەڵ ئەم نەوەیەی ئێستای هەڵبژاردەکە چێژی زۆرم بینی و بە کاتی خۆشدا تێپەڕین، لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی زۆرباش 10 بۆ 15 ساڵمان بەیەکەوە بەسەربرد، بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە زۆر ئازارمان چەشت، چونکە گەیشتینە یاری کۆتایی مۆندیال و نازناوەکەمان لەدەستدا، دوای ئەوە هەموو شتەکان گۆڕان و ئێستا دەمەوێت لەگەڵ هەڵبژاردەکە زیاتر چێژ وەربگرم."
 
کاپتنی ئەرجەنتین دەڵێت "بردنەوەی نازناوی مۆندیال ژیانی منی گۆڕی، زۆر زەحمەتە بتوانم بە وشەیەک وەسفی بردنەوەی نازناوی مۆندیال بکەم، زۆر بەختەوەرم کە نازناوی مۆندیالم بردووەتەوە و پێموایە ئێستا هەموو شتێکم هەیە، هەموو کەسێک ناتوانێت ئەوە بەدەستبهێنێت، بەختم هەبوو کە دەستم لە جامەکەدا، هەڵمگرت و ماچم کرد، سەختە بتوانم باسی ئەوە بکەم کە هەست بە چی دەکەم."
 
مێسی گوتی "زۆر دڵتەنگبووم، بەهۆی ئەوەی لە دوایین مۆندیالدا لە قەتەر کاتێک بووینە پاڵەوان، مارادۆنا لە ژیاندا نەمابوو."
 
لیۆ باس لە یانەی بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت "من بارسێلۆنام خۆشدەوێت، ئێستا لە دوورەوە سەیری دەکەم، هیوادارم بارسێلۆنا بگەڕێتەوە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ کە ماوەیەکی درێژە لێی دوورە."
 
لەبارەی ئەوەی کێ باشترین تیپە؟ مێسی دەڵێت "بارسێلۆنای سەردەمی گواردیۆلا باشترین تیپ بووە."
 
پرسیار لە مێسی کرا لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا هاندەری کێ بوو؟ ئەو وەڵامی دایەوە و گوتی "لە یاریی کۆتاییدا هاندەری دۆرتموندبووم، هاندەرانی ریال مەدرید نایانەوێت بارسێلۆنا چامپیۆنزلیگ بباتەوە، بەدڵنیاییەوە هەموو هاندەرانی بارسێلۆناش نایانەوێت ریال مەدرید ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ."
 
ئەستێرەی تانگۆ لەبارەی بەشداریکردنی لە ئۆڵیمپیادی پاریس دەڵێت "قسەم لەگەڵ ماسکێرانۆ کردووە و بارودۆخەکەم بۆ روونکردووەتەوە." بەمەش زەحمەتە مێسی بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات.
 
لیۆ هێشتا گوتی "نامەوێت بیر لە وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە چێژی تۆپی پێ بکەم، بەڵام ئەوە نزیکە، ئینتەرمەیامی دوایین یانە دەبێت کە یاریی بۆ دەکەم، دوای وازهێنانیش نامەوێت خۆم وەکو راهێنەر ببینمەوە و نابمە راهێنەر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە