رووداو دیجیتاڵ
هۆگر عەبدوڵڵا، راهێنەری نوێی یانەی رزگاری بە رووداوی راگەیاند "یانەکەمان لە هەندێک پێگەدا کەموکوڕی هەیە و دەکرێت بە چەند گرێبەستێکی نوێ پێکهاتەیەکی بەهێزتر بەدەستبهێنین".
ئەو راهێنەرە، تەنیا لە یەک یارییدا سەرپەرشتی رزگاری کردووە، لەو یارییەشدا بەرامبەر یانەی ئاکرێ یەکسان بووە.
ئەو راهێنەرە لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی "ئێمە لەو دوو هەفتەیەدا کە دەستمانپێکردووە، دەستکاریی پێگەی چەند یاریزانێکمان کردووە بەتایبەت لە هێڵی نێوەڕاست و هێرشبەریدا، هەندێک یاریزان پێمان باشتربوو پێگەی یارییکردنیان بگۆڕێن بۆ ئەوەی زیاتر رۆڵیان هەبێت لە یارییەکاندا".
هۆگر سەبارەت بە ئاستی یاریزانەکانی زیاتر گوتی "لە راستیدا یاریزانەکان لەسەر داوای من نەهاتوون، بۆیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ واقیعەکەدا بکەم و کار لەگەڵ ئەوانە دەکەم کە لەبەر دەستمدان، لە هەندێک پێگە کەموکوڕیمان هەیە و لە هەندێک پێگەی دیکەش پێموایە باشترینی کوردستانین و بگرە عێراقیش".
ئەو زیاتر باسی تیپەکەی کرد و گوتی "هەندێک یاریزانیشمان تەمەنیان چووەتە سەرەوە و جەستەیان یارمەتیدەرییان نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە تەکتیکییەکان، بەڵام ئەگەر دەستەی کارگێڕیی منیان بەدڵ بێت ئەوا بۆ وەرزی داهاتوو لە رێگەی چەند گرێبەستێکەوە دەتوانین کێشەکانمان چارەسەربکەین".
راهێنەرە نوێیەکەی رزگاری ئامانجی یانەکەی لەم وەرزەدا بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی "ئێمە ئامانجمان مانەوەیە و هیچ نەبێت یانەکە دەبێت لە نیوەی ریزبەندییەکە بهێڵینەوە، تیپەکەش ئەو توانایەی هەیە بتوانێت لەو چەند یارییەی ماوە لە پێگەیەکی باشتر خۆی ببینێتەوە".
یانەی رزگاری لە نیوەی یەکەمی خولی نایابی کوردستان هیچ یارییەکی نەدۆڕاندبوو و لە پلەی چوارەمی ریزبەندییەکەدابوو، بەڵام لە نیوەی دووەمدا 9 یاریی ئەنجام داوە و هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ