رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراق لەدوای دۆڕانیان بە هەڵبژاردەی فەڵەستین، روون و رەوان هێرشیان کردە سەر خیسۆس کاساسی راهێنەری ئیسپانیی هەڵبژاردی شێرەکانی رافیدەین و ئۆبالی دۆڕانەکەیان خستە ملی ئەو.
لە یارییەکی گرنگی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026ـدا هەڵبژاردەی عێراق 1-2 بەهەڵبژاردەی فەلەستین دۆڕا و هەنگاوێک گەڕاوە دواوە لە هەوڵەکانیدا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، ئەمەش عێراقییەکانی زۆر تووڕەکرد و بەشی شێری گلەییەکان بەر کاساس کەوت و لە هەموو لایەکەوە رەخنەباران کرا، تەنانەت ئەستێرەکانی پێشوو و ئێستای عێراقیش بەئاشکرا رەخنەیان لێگرت.
رەخنەکان لەنێو خودی هەڵبژاردەی عێراقەوە دەستیانپێکرد و سەرەتا ئەیمەن حوسێنی هێرشبەری شێرەکانی رافیدەین، کە خاوەنی تاکە گۆڵی عێراق بوو لە یارییەکەدا، رەخنەی لە کاساس گرت و دواتریش زیدان ئیقباڵی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست رەخنەی لەو راهێنەرە ئیسپانییە گرت.
ئەیمەن حوسێن دوای یارییەکە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی "دابەزینی ئاستی هەڵبژاردەی عێراق لە گێمی دووەمدا بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانە بوو کە ئەنجامدران"، کە ئەم قسانەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بوون بۆ رۆڵی کاساس لە دۆڕاندنی عێراق.
زیدان ئیقبال، دوای یارییەکە لە لێدوانەکانیدا گوتی "هیچ شتێکم نییە بیڵێم، لە راهێنەر بپرسن، ئەو پێکهاتە دادەنێت".
ئەو یاریزانە کە زۆربەی چاودێران و هاندەرانی تۆپی پێ پێیانوایە ستەمی لێدەکرێت و شایەنی ئەوەیە هەمیشە بەسەرەکی یاری بکات، ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە بەگۆڵێک لە پێشەوە بووین، بەڵام لە گێمی دووەمدا فەڵەستین ئەنجامەکەی گۆڕی، پیرۆزباییان لێدەکەم، شایەنی بردنەوە بوون، بەڕاستی شانازییان پێوە دەکەم".
لە درێژەی قسەکانیدا زیدان گوتی "یاریزانەکان زۆر توڕەن، ئەوە گورزێکی گەورەیە بۆ ئێمە. دوو یاریمان بەرامبەر کۆریا و ئوردن ماوە، ئەگەر بیانبەینەوە ئەوا سەردەکەوین بۆ مۆندیال.
نەشئەت ئەکرەم، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، هێرشێکی تووندی کردە سەر کاساسی راهێنەر و دووپاتیکردەوە کە ئەو شایەنی ئەوە نییە سەرپەشتی هەڵبژاردەی عێراق بکات.
نەشئەت ئەکرەم لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، گوتی "کۆمەڵێک شێری پاڵەوانمان هەیە، بەڵام وشترمرخێک سەرکردایەتییان دەکات".
ئەم دۆڕانەی عێراق گورزێکی خراپ بوو بەر چانسی شێرەکانی رافیدەین بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 کەوت، کە بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی دووەمدا مایەوە و بە خاڵێک لەدوای ئوردنی پلە دووەمەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ