رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە ئەنجامێکی گەورە لە بەرازیلی بردەوە و بەشێوەیەکی فەرمی خۆی گەیاندە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 14ـی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، ئەرجەنتین لە یاریگەی مونومێنتال میوانداریی بەرازیلی کرد.
دوای تەنیا چوار خولەک یارییکردن، جولیان ئەلڤارێز دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پێشخست.
لە خولەکی 12 ئێنزۆ فێرناندێز تانگۆی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
لە خولەکی 26 ماتیۆس کونها سوودی لە هەڵەیەکی بەرگری ئەرجەنتین وەرگرت و ئەنجامەکەی بۆ بەرازیل کەمکردەوە.
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە بە چەند خولەکێک ماک ئالیستەر بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی بەرازیلی هەژاند، نیوەی یەکەم بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتاییهات.
لە خولەکی 72 جولیانۆ سیمیۆنی کوڕی دیێگۆ سیمیۆنی، گۆڵی چوارەمی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆمارکرد.
ئەرجەنتین یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، ژمارەی خاڵەکانی لە پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور بۆ 31 خاڵ بەرزکردەوە و بەشێوەیەکی فەرمی و وەکو یەکەم هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور گەیشتە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
ئەمە پێنجەم دۆڕاندنی بەرازیلە لە پاڵاوتنەکاندا و هەڵبژاردەکە بۆ پلەی چوارەمی ریزبەند دابەزی و 21 خاڵی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ