یاری کۆتایی کۆپا ئەمریکا دووبارە دەبێتەوە و بەرازیل بەرامبەر پاراگوای یاری دەکات

10-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەرجەنتین کۆڵۆمبیا پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکەی بەرامبەر کۆڵۆمبیا ئەنجامدا و دەیەوێت بردنەوەی لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکادا بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە دووبارە بکاتەوە.
 
ئەمشەو لە بارانکیا برانکوێلا، هەردوو هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
تانگۆ پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانە بە شەش بردنەوە و یەک دۆڕان، کۆڵۆمبیا لە پلەی سێیەمی ریزبەندە، یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە بەهێز و سەرنجڕاکێش دەبێت، بەتایبەت کە دوایین یارییان لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکادا بووە و ئەرجەنتین لە کافێتێرۆسی بردووەتەوە.
 
لە یارییەکەدا هاوشێوەی یارییەکانی رابردوو لیۆنێل مێسی یاری ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تانگۆ چاوی لە دووەم بردنەوەی لەسەریەک و زیاترکردنی خاڵەکانیەتی لە رکابەرییەکەدا بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە گەیشتن بە مۆندیال.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ یارییەکەی بەرامبەر پاراگوای ئامادەیە و دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات، بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور.
 
بەرەبەیانی سبەی لە ئاسێنسیۆن، هەڵبژاردەی بەرازیل لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر پاراگوای یاری دەکات، لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
سامبا یاریی رابردووی لە ئیکوادۆر بردەوە و ئێستا لە پلەی چوارەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی کیشوەرەکەیە، پاراگوای بەرامبەر ئۆرۆگوای یەکسانبوو و ئەوانیش چاویان لەوەیە لە یاریگەی خۆیاندا سێ خاڵی یارییەکە ببەنەوە.
 
بەرازیل لە 2015ـەوە هیچ یارییەکی بەرامبەر پاراگوای نەدۆڕاندووە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە