ڤیدیۆ؛ بایرن بێ رکابەرە و لیڤەرکوزن و دۆرتموند نەیانبردەوە

26-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
Photo by Thomas KIENZLE / AFP / AFP
Photo by Thomas KIENZLE / AFP / AFP
نیشانەکردن بوندێسلیگا بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن درێژەی دایە سەرکەوتنەکانی و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندیی بوندێسلیگا بەهێزکرد، دوای ئەوەی لە فرایبۆرگی بردەوە.
 
دوای تەنیا 15 خولەک یارییکردن، هاری کەین بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ باڤارییەکان تۆمارکرد و یانەی میوانی پێشخست.
 
لە خولەکی 54 کیم مین جای، بەلێدانی سەر گۆڵێکی دیکەی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد و ئەنجامەکەی دوو هێندە لێکرد.
 
خولەکی 68 ماتیاس گینتەر ئەنجامەکەی بۆ فرایبۆرگ کەمکردەوە، بەڵام یارییەکەیان لەنێو یاریگەی خۆیان بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕاند.
 
بایرن میونشن لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە بووە 48 خاڵ و 6 خاڵ لە لیڤەرکوزن دوورکەوتەوە.
 
بایرلیڤەرکوزن دوو خاڵی لەدەستدا
 
یانەی بایرلیڤەرکوزن نەیتوانی سوود لە پێشکەوتنەکەی بەرامبەر لایپزیگ وەربگرێت و دوو خاڵی لەدەستدا، بەمەش زیاتر کەوتە دوای بایرن میونشنی پێشەنگ.
 
یاریی هەردوو یانە لە یاریگەی لایپزیگ بەڕێوەچوو، لە خولەکی 18 پاتریک شیک گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
 
خولەکی 36 ئالێکس گارسیا یانەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و لیڤەرکوزن لە پێشەوە بوو.
 
لە خولەکی 41 داڤید راوم بەلێدانی راستەوخۆ گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
 
پێشکۆتاییهاتنی یارییەکە بە شەش خولەک ئێدمۆند تاپسۆبا بەهەڵە گۆڵی دووەمی لایپزیگی لە خۆیان کردەوە و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتاییهات.
 
لیڤەرکوزن دووەمی ریزبەندە بە 42 خاڵ، لایپزیگ لە پلەی پێنجەم خاوەنی 32 خاڵە.
 
 
دۆرتموند نەیبردەوە
 
ئەنجامە خراپەکانی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بەردەوامن و یانەکە لە یاریگەی خۆیدا دوو خاڵی بەرامبەر ڤێردێر برێمەن لەدەستدا.
 
دوای 21 خولەک یارییکردن، نیکۆ شلۆتبێرگ بەکارتی سوور لە دۆرتموند کرایە دەرەوە.
 
خولەکی 28 سێرهۆ گێراسی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دۆرتموند تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 51 مارکۆ فرێدل گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و دۆرتموند بووە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
دوای ئەوە لە خولەکی 64 لیۆناردۆ بیتێنکۆرد ئەنجامەکەی بۆ برێمەن کەمکردەوە، کاتێک لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد.
 
دوای هەشت خولەک لەو گۆڵە، مارڤین داکچ گۆڵێکی دیکەی بۆ برێمەن تۆمارکرد، یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
دۆرتموند ئێستا لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندە و برێمەن لە پلەی نۆیەمی بوندێسلیگایە.

 

y

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە