پەیامی ماڵئاوایی هاری کەین

12-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هاری کەین بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هاری کەین، یاریزانی نوێی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لە پەیامێکدا بۆ ماڵئاواییکردن لە یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ چوونە ریزەکانی یانە ئەڵمانییەکە، دووپاتیکردەوە "خەمبارم بەبەجێهێشتنی ئەو یانەیەی نزیکەی بیست ساڵی تەمەنم تێدا بەسەربرد".
 
دوای ئەوەی هاری کەین بە گرێبەستێکی 100 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 20 ملیۆن یۆرۆ گۆڕانکاری چووە ریزەکانی بایرن میونشن، لە پەیامێکدا ماڵئاوایی لە یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی کرد.
 
کەین گوتی "سڵاو لە هەمووان. ویستم یەکەم کەس بم کە هەواڵی ئەوە بە هاندەرانی تۆتێنهام بدەم کە من ئەمڕۆ یانەکە بەجێدەهێڵم. روونە کە هەستی زۆر جیاوازم هەیە. خەمبارم بەبەجێهێشتنی ئەو یانەیەی نزیکەی بیست ساڵی تەمەنم تێدا بەسەربرد. لە لاوێکی تەمەن یانزە ساڵانەوە بۆ پیاوێکی پێگەیشتوو کە ئێستا تەمەنی سی ساڵە. ساتی خۆش و یادەوەریی تایبەتم هەبوو. یادەوەرییەک کە تاهەتایە شانازیی پێوە دەکەم".
 
ئەو گوتیشی "لەبەرئەوە سوپاسی هەموو هاوڕێیانم دەکەم لە تیپەکە بەدرێژایی چەندین ساڵ، هەروەها راهێنەرەکان، هەموو بەڕێوەبەرەکان، هەموو ئەو کارمەندانەی لەگەڵ یانەکەدا کاردەکەن لە تیمی تەکنیکییەوە تاوەکو شێفەکان، هەموو بەشداران. روونە کە من پەیوەندی تایبەتم لەگەڵ زۆر کەسدا دروستکرد. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە دەمەوێ سوپاسی هاندەران بکەم". 
 
هێرشبەرە نوێیەکەی یانەی باڤاری، زیاتر گوتی "من لەسەرەتای دەرکەوتنمەوە یەکێکبووم لە ئێوە و هەموو ئەوەی لە توانامدابوو پێشکێشمکرد بۆ ئەوەی هەمووان هەست بەشانازی بکەن و ساتی خۆش و یادەوەریی تایبەتمان هەبێت و هیوادارم تاهەتایە بەردەوام بێت. هەستمکرد ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ماڵئاوایی و نەمدەویست لەنێو مشتومڕی زۆردا لەبارەی چارەنووسمەوە وەرزەکە لەگەڵ یانەکەمدا دەستپێبکەمەوە. پێموایە گرنگبوو بۆ راهێنەران و یاریزانە نوێیەکان کە فۆکەسی خۆیان وردبکەنەوە و هەوڵبدەن تۆتێنهام بگەیەننەوە لووتکەی خولەکە و لەپێناو نازناوەکاندا بجەنگن". 
 
کەین لە درێژەی پەیامەکەیدا، گوتی "هیوادارم ئانجی و لاوەکانی دیکە باشترین بەدەستبهێنن و راشکاوانە بڵێم من وەک هاندەری هەمووان دەمێنمەوە و هیوادارم سەرکەوتووبن. ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو هاندەران لەسەرانسەری جیهاندا، هەموو هاندەریکی تۆتێنهام لە هەر کوێی دونیا بێت کە بەدرێژایی کاروانی خۆم پشتگیرییان کردووم. هەرگیز ئەو ساتانە لەبیر ناکەم کە پێکەوە هەمانبوو، لەبەرئەوە سوپاس بۆ هەموو شتێک. تەماشای یارییەکانی ئەم وەرزەتان دەکەم، هیوای بەختی باش بۆ تۆتێنهام، بۆ یانەکە بە گشتی، ئەمە ماڵئاوایی نییە، لەبەرئەوەی کەس نازانێ لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام ئەمە سوپاسە و بەمنزیکانە دەتانبینمەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە