رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی بارسێلۆنا لەسەر داواکاریی هانزی فلیکی راهێنەر گورزێکی کوشندە لە ریال مەدرید دەدات و داهاتووی ئەو یانەیە دەباتە ریزەکانی.
بەپێی ئەوەی میدیای ئیسپانیا ئاماژەیان پێداوە، بارسێلۆنا سەرقاڵی پلاندانان و خۆڕێکخستنەوەیە بۆ وەرزی داهاتوو. یانەکە داخوازیی و پێویستییەکانی راهێنەرەکەی لەبەرچاو دەگرێت، بەتایبەت کە یانەکە لەژێر دەستی ئەو راهێنەرەدا وەرزێکی نموونەیی پێشکێشدەکات و لە سێ نازناوەوە نزیکە.
سەرچاوەکان دەڵێن، هانزی فلیک لەئێستاوە دەیەوێت شوێنگرەوەیەک بۆ رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری سەرەڕمی یانەکە بدۆزێتەوە، کە ئەگەر هەیە لە هاویندا لە یانەکە بڕوات و ئەگەر نەشڕوات، وەرزی داهاتوو ناکرێ تاکە هێرشبەری سەرەڕمی یانەکە بێت.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، فلیک چاوی لە تواناکانی ئێندریک فیلیپی هێرشبەری لاوی ریال مەدریدە و پێیوایە باشترین سەرەڕمی لاوی بەردەستە لە هاوینی داهاتوودا کە بارسێلۆنا بتوانێت گرێبەستی لەگەڵ بکات.
پێدەچێ وەک میدیاکان ئاماژەی پێدەدەن، ویستی هانزی فلیک و دۆخی ئێندریک یەک بگرێتەوە، چونکە ئەو یاریزانە لە دۆخی خۆی لە ریال مەدرید بێزارە بەهۆی بەسەربردنی کاتی زۆرەوە لەسەر کورسیی یەدەگ و وەرنەگرتنی هەلی پێویست بۆ یارییکردن، ئەگەرچی لەو یارییانەدا کە بەیەدەگ بەشداریی دەکات، ئاستێکی باش پێشان دەدات.
ئێندریک لە وەرزی ئەمساڵدا، وێڕای کەمیی بەشدارییەکانی لەگەڵ ریال مەدرید، لە 29 یاریدا حەوت گۆڵی تۆمارکردووە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، لە کاتێکدا لە زۆرینەی یارییەکاندا، یەدەگ بووە.
بارسێلۆنا بەدوای شوێنگرەوەیەکی لێهاتووی لیڤاندۆڤسکیدا دەگەڕێت، بەتاییەت کە لیڤا تەمەنی گەورەبووە و ئەگەرچی پێشتر بڕیاربوو ڤیتۆر رۆکی، شوێنگرەوەی ئەو بێت، بەڵام نەیتوانی ویستی تیپەکە جێبەجێ بکات و لە یانەکە رۆیشت.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، فلیک پێیوایە ئێندریک هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە کە وادەکات لێهاتوو بێت بۆ پڕکردنەوەی شوێنی لیڤا. بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، پێشتر خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا کە ئەویش لای خۆیەوە بەتواناکانی ئەو یاریزانە سەرسامە، هەوڵی گرێبەستکردنی لەگەڵیدا داوە، بەڵام هەوڵەکانی شکستیان هێناوە.
رێگری گەورە لەبەردەم خەونەکەی بارسادا، ماوەی درێژی گرێبەستی ئێندریکە لەگەڵ ریال مەدرید کە تاوەکو 2030 درێژ دەبێتەوە، هەروەها یانەی ریال مەدرید پێیوایە ئەو یاریزانە بەشێکە لە داهاتووی تیپەکە و نایەوێت دەستبەرداری بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ