رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، کارلۆ ئەنچێلۆتی، لەبەرخاتری داڤیدیی کوڕی، لە یانەی ریال مەدرید دەڕوات.
ئەگەرچی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئێستای یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پشتگیریی کارگێڕیی یانەکەی بەدەستهێنایەوە، پاش باشبوونی ئەنجامەکانی یانەی شاهانە، بەڵام پێناچێ تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت.
ئەنچیلۆتی تاوەکو هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید هەیە، بەڵام وەک سەرچاوە میدیاییەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، دوو پاڵنەری سەرەکی هۆکار دەبن بۆ بەردەوامنەبوونی ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی ریال مەدرید.
رۆژنامەی 'لاگازێتا دیلۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، کڵاودیۆ رانیێری، راهێنەری ئێستای یانەی رۆمای ئیتاڵی، ناوی کارلۆ ئەنچێلۆتی، وەک تاکە بەربژێری گونجاو بۆ مەشقدانی یانەی رۆما لە هاوینی داهاتووەوە داوەتە کارگێڕیی یانەکە، پێیگوتوون خۆی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کارلۆ هەیە و دەتوانێت رازی بکات، مەشقدانی رۆما وەربگرێت.
ئەنچێلۆتی، هەفتەی رابردوو کۆی نازناوەکانی لەگەڵ ریال مەدرید گەیاندە 15 نازناو و بەوەش بووە ئەو راهێنەرەی زۆرترین نازناوی لە مێژووی ریال مەدرید، لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە دەڵێ، ئەگەرچی رانیێری دوو مانگە مەشقدانی رۆمای وەرگرتووە و ئەنجامەکانی تیپەکە بەرەو باشبوون دەڕۆن، بەڵام ئەو راهێنەرە بەشێوەی کاتیی گەڕاوەتەوە بۆ مەشقدان، پاشئەوەی بەیەکجاری وازی لە کاری راهێنەرایەتی هێنابوو، هەروەها کارگێڕیی رۆماش، دەیانەوێت راهێنەرێکی بەئەزموون و گونجاو بۆ مەشقدانی تیپەکە دەستنیشان بکەن.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئیتاڵییەکە، "ئەنچێلۆتی بەئاڵنگارییەکەی رۆما رازی دەبێت و کۆمەڵێک پاڵنەر بۆ ئەو رازیبوونە هەن، یەکەمیان ئەوەیە کە ئەو وەک یاریزان لە رۆما یارییکردووە، دووەمیشیان ئەوەیە کە دەیەوێت ئیدی رێگە بۆ داڤیدیی کوڕی خۆش بکات، تاوەکو خۆی ببێتە راهێنەری تیپێکی گەورە و لەبەرئەوەی چەندین ساڵە لەگەڵ ریال مەدرید وەک یاریدەدەری باوکی کاردەکات، کارگێڕیی ریال مەدریدیش بەدەستنیشانکردنی داڤیدی رازی دەبن".
کارلۆ ئەنچێلۆتی، چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە کە مەشقدانی یانەی ریال مەدرید، دوا کاری راهێنەرایەتی دەبێت لە ژیانیدا، بەڵام پێدەچێ وەک ئەمەکێک بەرامبەر رۆما، مەشقدانی ئەو یانەیە بگرێتە ئەستۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ