هەڕەشەی کوشتن لە راهێنەری چێڵسی و هاوژینەکەی دەکرێت

25-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن گراهام پۆتەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، راهێنەری یانەکەش هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
 
چێڵسی لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا سەرەڕای ئەوەی پارەیەکی زۆری خەرجکردووە و گرێبەستی زۆری ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامەکانی نە لە پرێمەرلیگدا و نە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بۆ هاندەرانی جێگەی دڵخۆشی نین و لە ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە ناڕازین.
 
گراهام پۆتەر، راهێنەری یانەکە دەڵێت " هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە و چەند هاندەرێک نامەیان بۆ ناردووم، سووکایەتیان بە خۆم و ماڵباتەکەم کردووە و هیوا دەخوازن، من، هاوژین و منداڵەکانم بمرین."
 
راهێنەری چێڵسی دەڵێت " تیپەکەی بە خراپترین کاتی ئامادەکاریدا تێپەڕیوە، هێنانی یاریزانی نوێ و بەدەستهێنانی ئەنجام لە ماوەیەکی کورتدا قورسە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەریش گوتبووم کە ئەمە قورسترین کارە لە تۆپی پێدا و چەند هۆکارێک هەن کە دەبنە هۆی ئەوە."
 
پۆتەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " 4 مانگە لێرە گوشاری زۆرم لەسەرە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە پشتگیریم دەکات و دەزانێت لە کوێین، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە بێزاری دەکەین بەهۆی ئەنجامەکانەوە و دەبێت باشتربین."
 
راهێنەری یانە لەندەنییەکە دەڵێت " دوای ئەو نامانەی بۆی نێردراوە، خۆی، هاوژین و منداڵەکانی لە رووی دەروونییەوە لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین."
 
هەڕەشەکردن لە راهێنەری چێڵسی لەکاتێکدایە، یانەکە لە پرێمەرلیگدا لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگیشی بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموند دۆڕاندووە، رۆژی یەکشەممەش لە دێربیی لەندەندا بەرامبەر تۆتێنهام یارییدەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە