ڤیدیۆ؛ شاندی یانەی لیگانێس گەیشتە هەولێر

25-01-2025
محەممەد کارێزی
گێلێرمۆ سانچێز گازاپۆ، سەرۆکی شاندی یانەی لیگانێس قسە بۆ رووداو دەکات
گێلێرمۆ سانچێز گازاپۆ، سەرۆکی شاندی یانەی لیگانێس قسە بۆ رووداو دەکات
نیشانەکردن یانەی لیگانێس گێلێرمۆ سانچێز گازاپۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

شاندێکی یانەی لیگانێسی ئیسپانی، گەیشتنە هەولێر و دەیانەوێت لێرە بەهرەی نوێ ببینن و بۆ بوون بە یاریزان لە داهاتوودا بیانبەنە ئیسپانیا.
 
شاندەکە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەکادیمیای کوارک و بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەولێر بەدوای بەهرەی نوێدا دەگەڕێن و چوار رۆژ لە نزیکەوە چاودێری ئەو بەهرەمەندانە دەکەن کە خەونی بوون بە یاریزانیان هەیە و دەیانەوێت لە ئاستێکی بەرزدا یاری بکەن.
 
شاندی یانە ئیسپانییەکە چوار رۆژ لە هەولێر دەبن، رۆژی یەکشەممە رێوڕەسمی دەستپێکردنی کارەکانیان دەبێت و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشدا یانەکە وردەکارییەکانی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
 
یانەی لیگانێس، یەکێکە لە یانە دیارەکانی ئیسپانیا، ئێستا لە لالیگادا یاریی دەکات و ئەم وەرزە لە یانەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردووەتەوە.
 
دوای تەواوکردنی کارەکانیان لە هەولێر، بڕیارە شاندی یانەکە لە ئەگەری گەیشتن بە ئامانجەکەیان، چەند بەهرەمەندێک بۆ بەشداریپێکردنیان لە ئەکادیمیای یانەکەدا بباتە مەدرید.
 
گێلێرمۆ سانچێز گازاپۆ، سەرۆکی شاندی یانە ئیسپانییەکەیە لە هەولێر، بۆ رووداو قسەی کردووە و وردەکارییەکانی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات:
 
- هیوادارین بتوانین بەهرەمەندترین یاریزانەکان هەڵبژێرین بۆ ئەوەی بێنە مەدرید و لەگەڵ تیمەکانی ئێمە بن.
 
- لێرە هەموو شتێک زۆر باش رۆیشتووە، چێژمان لە گەشتەکە بینی و بەدڵگەرمییەوە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیمان لێکرا و شتەکان زۆر ئەرێنین.
 
- دەزانین لێرە پڕۆژەیەک هەیە و پێموایە بۆ ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە. لالیگا خەریکی کارێکی مەزنە لێرە دەیکات. هەر لە دەستپێکی پڕۆژەکەوە ئێمە بڕیارماندا کە عێراق شوێنێکی باشە. چەند تیمێک لەلایەن خولی ئەستێرەکانی عێراق و چەندین یانەی دیکەی عێراق سەردانی شوێنی راهێنانەکانی ئێمەیان کرد. ئێمەش چەندین راهێنان و وۆرکشۆپی جیاوازمان پێدان.
 
- ئامانجی ئێمە لێرە بریتییە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی درێژخایەن لەگەڵ وڵاتەکە. ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە لێرەین. ئێمە چاوەڕێی رۆژی دووشەممە دەکەین بۆ ئەوەی یاریزانەکان و هەموو ژێرخانی وەرزشیی عێراق ببینین. هیواداریشین بتوانین بۆنە و چالاکیی دیکە لە شارەکانی دیکە بکەین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە