ئەڵمانیا گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی و راهێنەری هەڵبژاردەکە هۆشداری دەدات

24-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەڵمانیا نەیشنسلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی پڕ گۆڵ و سەرنجڕاکێشدا هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا یەکسانبوون و ئەڵمانیا بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامی یاریی چوون خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ.
 
یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردە لە یاریگە سیگناڵ ئیدونا پارک بەڕێوەچوو، لە خولەکی 30 جۆشوا کێمیچ بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئەڵمانیا تۆمارکرد، دوای شەش خولەک جەمال موسیالا بۆ جاری دووەم تۆری هەڵبژاردەی ئیتاڵیای هەژاند.
 
لە خولەکی 45 تیم کلین دینێست گۆڵێکی دیکەی بۆ ئەڵمانیا تۆمارکرد و مانشافت بووە خاوەنی سێ گۆڵ.
 
لە نیوەی دووەمدا ئیتاڵیا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، لە خولەکی 49 مۆیس کین ئەنجامەکەی کەمکردەوە، هەمان یاریزان لە خولەکی 69 گۆڵی دووەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و رکابەرییەکە سەرنجڕاکێشتربوو.
 
لە کاتی زیادکراوی یارییەکەدا جیاکۆمۆ راسپادۆری بەلێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ ئیتاڵیا یەکسانکردەوە، یارییەکە شەش گۆڵی تێدا تۆمارکران و هەردوولا بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بەڵام ئەڵمانیا بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامی یاریی چوون بە 5-4 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگدا ئەڵمانیا بەرامبەر پۆرتوگال رکابەری دەکات بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
یولیان نایگێلسمان، راهێنەری ئەڵمانیا دەڵێت "ئێمە یارییەکی زۆرباشمان ئەنجامدا، تۆپی پێیەکی جوانمان کرد، ئەم یارییە پێشانیداین نیوەیەک بەس نییە بۆ تەواوبوونی یارییەکە."
 
راهێنەری ئەڵمانیا دەڵێت "لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر پورتوگال دەوەستینەوە. تیپێک کە یاریزانی تاکەکەسی بەرز و راهێنەرێکی مەزنی هەیە کە تۆپی پێی زۆر سەرنجڕاکێش دەکات. ئەو یارییە بێگومان بۆ ئێمە سەخت دەبێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە