سوپرایز.. ئەو یاریزانەی بارسا گرێبەستی لەگەڵ کردووە یانەی ئەهلی میسری نەیویستووە

03-09-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن داڤید ئۆدورۆ یانەی ئەهلی میسری بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا، شۆک بوون دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە کارگێڕیی یانەکەیان گرێبەستی لەگەڵ یاریزانێک کردووە، کە پێش خۆیان یانەی ئەهلی میسری رەتیکردووەتەوە ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
هاندەرانی یانەی ئەهلی میسریش تووشی شۆکێکی گەورە بوون دوای ئەوەی زانیان کە یانەکەیان رەتیکردووەتەوە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی غانی بکات کە دوای چەند مانگێک پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییەوە کردووە.
 
یانەی بارسێلۆنا بەر لە چەند رۆژێک لە پێگەی فەرمی خۆیدا، بڵاویکردەوە کە گرێبەستی لەگەڵ داڤید ئۆدورۆی یاریزانی لاوی غانی واژۆکردووه، که له یانەی ئاکرا لیۆنزەوە  هاتووه.
 
ئەو یاریزانە تەمەن 18 ساڵە، لە بەرگری باڵی چەپ یاری دەکات و بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆکردووە و یانە کەتەلۆنییەکە بڕیاریداوە ئەمساڵ یاریزانەکە بۆ تیپی دووەمی بارسا یاری بکات.
 
ئۆدورۆ 50 یاری لەگەڵ تیپەکەی لە خولی غانا ئەنجامدا، پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ ئیسپانیا و پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات.
 
رۆژنامەی ئۆن تایم سپۆرت 2 ئاشکرایکردووە، ئۆدۆرۆ لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا پێشکەش بە یانەی ئەهلی میسری کراوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە تیپی یەکەمەوە بکات، بەڵام ئەو یاریزانە لەلایەن کارگێڕیی یانە میسرییەکەوە رەتکراوەتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هۆکاری رەتکردنەوەی ئۆدورۆ لەلایەن ئەهلییەوە تەنیا ئەوەبووە کە بەرپرسانی ئەو یانەیە نەیانویستووە لە ساڵی یەکەمیدا یاریزانەکە یاری بۆ تیپی یەکەمی ئەهلی بکات.
 
میدیای ئیسپانیاش باس لەوە دەکات، کە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رەتکردنەوەی ئۆدورۆ لەلایەن یانەی ئەهلییەوە، هاندەرانی بارسا گومانیان لەلا دروستبووە و دەترسن یاریزانێکی باش نەبێت و جارێکی دیکە کارگێڕیی یانەکەیان کەوتبێتە هەڵەیەکەوە.
 
میدیای میسری، دووپاتیکردەوە کە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ئەهلی میسری ئاماژەیان بەوە کردووە کە هانی رەمزی، بەڕێوەبەری بەشی دۆزینەوەی بەهرەکان، گەشتێکی بۆ غانا کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی ئۆدورۆ پەیوەندی بە تیپی لاوانەوە بکات، و دواتر گرێبەستی لەگەڵ دووانەیەکی غانا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە