ئێمباپێ دەیەوێت لە رێگەی مۆدریچەوە باڵۆن دۆر بباتەوە

20-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ لوکا مۆدریچ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنسا رایگەیاند، ئاواتەخوازی ئەوە نییە بگاتە ئاستی یاریزانە سوپەرستارەکانی وەک لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، چونکە پێیوایە کەس ناتوانێت شوێنی ئەوان بگرێتەوە.
 
ئێمباپێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "هەوڵی ئەوە نادەم بگەمە ئاستی مێسی و رۆناڵدۆ، چونکە ئەوان شوێنگرەوەیان نییە. ئامانجم هەمیشە یارمەتیدانی تیپەکەمە بۆ سەرکەوتن، گرنگی بە ئامار و ژمارەکانم نادەم".
 
سەبارەت بە ئاواتەکانی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر وەک باشترین یاریزانی جیهان، کیلیان بەپێکەنینەوە گوتی "پرسیار لە لوکا مۆدریچ دەکەم کە چۆن باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە".
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە پێش یارییەکەی فەرەنسا بەرامبەر کرواتیا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، گوتی "من لەگەڵ زۆر لە ئەستێرەکانی کرواتیان یاریم کردووە، لە مۆناکۆ سوودم لە سوباسیچ وەرگرتووە، زۆر دڵخۆشم کە هەموو رۆژێک لە ریال مەدرید شانبەشانی مۆدریچم".
 
ئێمباپێ جەختی لەوە کردەوە "دڵخۆشم کە گەڕامەوەتەوە هەڵبژاردەی فەرەنسا، سەرەڕای ئەو جەنجاڵی و قسە و باسە زۆرەی لەبارەی ئامادەنەبوونم هەبوو، شتەکان زۆر روونن لەناو تیپەکەدا، ئێستا سەرنجم لەسەر ئامادەکارییەکانە بۆ مۆندیالی 2026، هەموومان بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین جارێکی دیکە ببینەوە پاڵەوانی جیهان".
 
کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا هەروەها دووپاتیکردەوە "هیچ کێشەیەکم لەگەڵ رەخنەگرتن نییە ئەگەر رەخنەکان رەوا بن، لە یارییەکەی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا بەرامبەر ئیتاڵیا ئاستێکی باشم پێشکەش نەکرد، هەروەها قبوڵ دەکەم کە خەڵک لێدوانەکانی منیان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی پێش ئەو یارییەدا قبوڵ نەکردبێت".
 
ئێمباپێ لە بەشێکی قسەکانیدا ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو سووکایەتییەی لە یاریی پاریس سانجێرمان و مارسیلیا لە خولی فەرەنسادا بەرامبەر بە ئادریان رابیۆی یاریزانی یانەی مارسیلیا کرا، کە جنێویان بە دایک و باوکی دا.
 
کیلیان لەو بارەیەوە گوتی "ئەوەی روویدا جێگەی داخە و هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە، سووکایەتیکردن بە دایکان و باوکان بەتەواوی قبوڵکراو نییە، دیاردەیەکە دەبێت بە هەموو هێزێکەوە رووبەڕووی ببنەوە، هیوادارم کاری ئەرێنی بەم ئاراستەیەدا ئەنجام بدرێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە