رووداو هەولێر
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی هاتنی خاڤێیر تێباس، سەرۆکی دەستەی خولی پیشەگەرانی لالیگای ئیسپانی بۆ شاری بەغدا ئاشکراکرد.
سەردانەکەی خاڤێیر تێباس بۆ شاری بەغدا بەمەبەستی کردنەوەی بارەگای لالیگایە لەو شارە، لەبەرئەوەی ساڵێکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گرێبەستی فەرمی لەگەڵ دەستەی لالیگا بەمەبەستی هاوکاریکردن و پێشخستنی تۆپی پێی عێراق واژۆکردووە.
فیراس بەحرلعلوم، ئەندام لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "رۆژی 26ـی ئەم مانگە خاڤێیر تێباس، سەرۆکی دەستەی خولی پیشەگەرانی لالیگای ئیسپانی دەگاتە شاری بەغدا، ئەم رووداوە زۆر گەورەیە لەسەر ئاستی مێژووی عێراق و ناوچەکە بەگشتی، لەبەرئەوەی کەسایەتییەکە پێگەیەکی گەورەی هەیە ".
دوای گەیشتنی بۆ شاری بەغدا، سەرۆکی لالیگای ئیسپانیا، بەشێوەیەکی فەرمی لە یاری نێوان یانەی زەورا و یانەی جەوییە ئامادە دەبێت.
بەحرلعلوم، زیاتر گوتی "ئامادەکارییەکی زۆرمان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە شاندی لالیگای ئیسپانی، رێوڕەسمی کردنەوەی بارەگای لالیگا لە عێراق لەلایەن بەشێکی زۆری میدیاکانی ئیسپانیا و ئەوروپا رووماڵ دەکرێت، هەروەها یاریی کلاسیکۆی عێراق بەشێوەکی زۆر جیاوازتر دەبیندرێت و دەمانەوێت رووی راستەقینەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی مەدینە پیشانبدەین".
دوای عێراق هەریەک لە وڵاتانی بەحرەین و عومان داوایانکردووە پلانەکەی عێراق بە هاوکاری لالیگا لە خولی ناوخۆییان جێبەجێ بکەن، ئەمەش بووەتە مایەی دڵخۆشی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
بەر لە هاتنی بۆ عێراق خاڤێیر تێباس، سەرۆکی دەستەی خولی پیشەگەرانی لالیگای ئیسپانیا، لە رێگەی ڤیدیۆیەوە لەگەڵ عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق قسەی کردووە و باسی ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی بارەگای لالیگا و هەوڵەکان بۆ بەڕێوەچوونی یاریی کلاسیکۆی عێراقیان کردووە.
چاوەڕواندەکرێت لە کاتی کردنەوەی بارەگای لالیگای ئیسپانیا لە شاری بەغدا ژمارەیەک ئەستێرەی پێشووی یانە ئیسپانییەکان ئامادەبن، دیارترینیان هەرسێ ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید، هەریەک لە لویس فیگۆ، مێشێل سەلگادۆ لەگەڵ ئیکەر کاسیاس.
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، وەرزی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار خولی ناوخۆی بەهاوکاری لالیگای ئیسپانیا کردە شێوازی پیشەگەری، ژمارەیەک یاسا و پلان پەیڕەو دەکات کە بۆ پێشکەوتنی تۆپی پێییە بۆ داهاتووی عێراق.
لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا 20 یانە بەشدارن کە چواریان یانەکانی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ