رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، سکاڵای فەرمیی لەسەر یانەی ریال مەدرید لەلای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا) تۆمارکرد، پاشئەوەی هەردوو یانە لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکبوونەوە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ و ئانتۆنیۆ رۆدیگێری دەستنیشانکردووە و بەهەڵسوکەوتی نەشیاو تۆمەتباری کردوون.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، نێوەڕۆکی سکاڵای ئاتلێتیکۆ مەدرید، هاوپێچکراوە لەگەڵ لێدوانی هەریەکە یان ئۆبلاکی گۆڵپارێزی یانەکە و ماریا خیمینێزی بەرگریکەری یانەکە، کە سەرکۆنەی هەڵسوکەوتی یاریزانانی ریال مەدریدیان کردووە لە دوای یارییەکە، بەتایبەت هەڵسوکەوتیان بەرامبەر هاندەرانی ئاتلێتیکۆ.
بەپێی وردەکاریی سکاڵاکە، یاریزانانی ریال مەدرید دوای بردنەوەی یارییەکە بەرامبەر هاندەرانی ئاتلێتیکۆ ئاهەنگیان گێڕاوە و پاشان وەک گرتە ڤیدیۆییەکان روونیدەکەنەوە، ئانتۆنیۆ رۆدیگێر ئاماژەی سەربڕینی بۆ هاندەرانی یانەی خاوەن یاریگە کردووە و ئێمباپێش بەرامبەر بەوان، دەستی بۆ ئەندامی نێرینەی خۆی بردووە.
سەرچاوەکان دەڵێن، هێشتا هەڵویستی یۆفا لەسەر رووداوەکە دیار نییە، بەڵام ئەگەر هەیە سزای ئەو دوو یاریزانە بدات، بەراگرتنیان لە یارییەکانی داهاتووی یانەکەیان لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید داوایکردووە ئەمجارە دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، پاشئەوەی ساڵی 2019 دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری پاشئەوەی کردەوەیەکی هاوشێوەی ئەوەی ئێمباپێی کرد لە یاریی یانەکەی بەرامبەر یوڤێنتوسی ئیتاڵی.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دێربیی شارەکەدا لە چامپیۆنزلیگ، ئەگەرچی لە یاریی گەڕانەوەدا 1 - 0 براوەبوو، بەڵام لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا شکستی هێنا و لێدانەکەی خولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری یانەکە، هێندەی دیکە مشتومڕی دروستکرد، پاشئەوەی بەهۆی دوورجار بەرکەوتنی قاچی بەتۆپەکە، لێدانەکەی رەتکرایەوە.
مدیاکان دەڵێن، داواکاریی ئاتلێتیکۆ لە یۆفا ئەوەی کە ئەو دوو یاریزانەی ریال مەدرید، لانیکەم بۆ یارییەک رابگیرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ