بەرگریکارێکی گەورە لەلایەن هەمووانەوە داواکراوە، بەڵام ئەو بارسای دەوێت

24-03-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن جۆناسان تا یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆناسان تا، بەرگریکاری ئەڵمانی و ئەستێرەی بایرلیڤەرکوزن لەلایەن گەورەکانی ئەورووپاوە داواکراوە، بەڵام ئەو یاریزانە چاوەڕێی بارسێلۆنایە.
 
هەندێک سەرچاوەی ئینگلیزی ئاشکرایانکردووە، یانەی لیڤەرپوول لە هەوڵدایە بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێک بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی ڤێرجیل ڤان دایک، کە پێدەچێت لە کۆتایی وەرز، بەخۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت، ئەو یانەیە دوای ئەوەی شکستیهێنا لە گواستنەوەی نیکۆ شلۆتەربێک، ئێستا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی جۆناسان تا بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
لای خۆیەوە، کریستیان فالک، سەرنووسەری رۆژنامەی بیڵد رایگەیاندووە "هەردەم بیرم لەوە دەکردەوە لەبەرچی پێشتر لیڤەرپوول هەوڵینەداوە جۆناسان تا بگوازێتەوە ریزەکانی، ئەو یاریزانە نایابە بۆ لیڤەرپوول، ئەو لە هاوینی داهاتوو بە خۆڕایی لیڤەرکوزن جێدەهێڵێت و تا ئێستاش لەگەڵ بارسێلۆنا رێکنەکەوتووە، بۆیە هەلێک هەیە، پێویستە لیڤەرپوول هەوڵبدات بۆ گواستنەوەی ئەگەر دەیەوێت شوێنی ڤان دایک پڕبکاتەوە".
 
سەرچاوەکان لە ئەڵمانیا ئەوەشیان خستەڕوو کە یانەی تۆتێنهام چاودێری جۆناسان تا دەکات و دەکرێت ئەو یانەیەش هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئەستێرە ئەڵمانییەکە بدات.
 
سەرچاوەیەکی ئیسپانیی نزیک لە بارسێلۆنا مشتومڕەکەی یەکلاییکردەوە و رایگەیاند "سەرەڕای گرنگیدانی لیڤەرپوول و تۆتێنهام، جۆناسان تا چاوەڕێی یانەی بارسێلۆنایە بۆ ئەوەی دەستەوارەی پێشکەش بکەن".
 
جۆناسان تا تەمەنی 29 ساڵە و بەرگریکاری یانەی بایرلیڤەرکوزنە، بە ئاستە نایابەکەی یارمەتیدەر بوو لە سەرکەوتنی یانەکە و بەدەستهێنانی خولی ئەڵمانی بێ دۆڕان، ئەو یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی تیپە نایابەکەی چابی ئالۆنسۆ.
 
گرێبەستەکەی جۆناسان تا لە کۆتایی وەرز تەواو دەبێت و دەتوانێت بە خۆڕایی رووبکاتە یانەیەکی نوێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە