رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا بەشێوەیەکی دراماتیکی گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ، دوای ئەوەی دۆڕاندنی یاریی رابردووی بۆ بردنەوە گۆڕی و بەرامبەر کرواتیا سەرکەوت.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگدا، فەرەنسا لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی کرواتیای کرد، کرواتیا یاریی چوونی لە یاریگەی خۆیدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردبووەوە و بۆ سەرکەوتن دوو بژاردەی هەبوو، لەبەرامبەردا فەرەنسا جگە لە بردنەوە هیچ رێگەیەکی دیکەی نەبوو.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا و بەیەکسانبوون ئەو نیوەیە کۆتاییهات.
لە خولەکی 50 میشێل ئۆلیسێ گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا تۆمارکرد، خولەکی 80 عوسمان دێمبێلی ئەنجامەکەی بۆ دوو هێندە زیادکرد و لەگەڵ یاریی چوون یەکسانیکردەوە.
کاتی ئاسایی یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بۆ فەرەنسا کۆتاییهات و هەردوولا چوونە کاتی زیادکراو، لە کاتی زیادکراودا هیچ گۆڕانکارییەک رووینەدا و بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە فەرەنسا 5-4 یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ و کرواتیا ماڵئاواییکرد.
لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەدا، فەرەنسا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاری دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ