ڤیدیۆ؛ مەکسیک بووە پاڵەوانی کۆنکاف

24-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مەکسیک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی مەکسیک نازناوی جامی کۆنکافی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە هەڵبژاردەی پەنەمای بردەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و پەنەما، لەسەر یاریگەی سۆفی لە کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو.
 
دوای تەنیا 7 خولەک یارییکردن، راول خیمینێز، ئەستێرەی مەکسیک گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی پێشخست.
 
دوای ئەو گۆڵە، پەنەما چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی مەکسیک و هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا، بەڵام گۆڵپاڕێز و بەرگریی هەڵبژاردەکە گۆڵەکەیان پاراست، تاوەکو لە دوایین خولەکەکانی نیوەی یەکەمدا لێدانێکی سزا بۆ پەنەما هەژمارکرا.
 
ئەلبێرتۆ کاراسکیلا ئەنجامەکەی بۆ پەنەما یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا هەردوولا لەسەر هەوڵەکانیان بەردەوامبوون بۆ زیادکردنی ئەنجامی یارییەکە، بەڵام یاریزانان لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون، تاوەکو دوایین ساتەکانی یارییەکە.
 
لە خولەکی کۆتایی کاتی ئاسایی یارییەکەدا لێدانێکی سزا بۆ مەکسیک هەژمارکرا، راول خیمینێز گۆڵی دووەمی خۆی و هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.
 
مەکسیک بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا سێ ساڵ بوو لەسەریەک ئەمریکا نازناوەکەی دەبردەوە.
 
دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشکێشیکرد، راول خیمینێز، ئەستێرەی مەکسیک وەکو باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە