ئەفسانەیەکی بۆکسینگ کۆچی دوایی کرد

دوێنێ کاژێر 12:30
دیاری حەسەن
نیشانەکردن جۆرج فۆرمان محەممەد عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆرج فۆرمانی ئەفسانەی بۆکسێنی ئەمریکی کە بە 'بیگ جۆرج' ناسراوە، لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو بۆکسێنە لە هەموو کاروانی بۆکسێنی خۆیدا تەنیا پێنج یاریی دۆڕاندووە.
 
بیگ جۆرج کاروانێکی وەرزشیی گەورەی هەبووە، ئەو بۆکسێنەرە لەتەمەنی 19 ساڵیدا لە ئۆڵۆمپیادی 1968 لە مەکسیک، میدالیای زێڕی بەدەستهێناوە. دوای ئەوە، بووە بۆکسێنەرێکی پڕۆفیشناڵ و توانی 37 یاریی لەسەریەک بباتەوە.
 
جۆرج فۆرمان لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا، تەنیا 5 یاریی دۆڕاندووە.
 
جۆرج دووجار پاڵەوانی کێشی قورسی جیهان بووە. جیاوازی نێوان بردنەوەی ئەو دوو نازناوە، 21 ساڵە، بەو هۆیەشەوە ئەو بۆکسێنەرە بە بەتەمەنترین پاڵەوانی کێشی قورسی جیهان دادەنرێت، چونکە لە تەمەنی 45 ساڵیدا توانی نازناوی دووەمی بەدەست بهێنێت.
 
ساڵی 1974 لە یارییەکی مێژووییدا، نازناوەکەی بەرامبەر محەممەد عەلی کلای دۆڕاند، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، جۆرج فۆرمان 76 بردنەوەی هەبووە کە 68 بردنەوەیان بە لێدانی کوشندە بوون.
 
ئەو یارییەی نێوان جۆرج فۆرمان و محەممەد عەلی، لە شاری کینشاسا لە وڵاتی زائیر، کە ئێستا بە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ناسراوە، بە دۆڕانی جۆرج کۆتایی هات، بەڵام دواتر خۆی گوتی، ئەو دۆڕانە باشترین شت بووە لە ژیانیدا روویدابێت، چونکە وایکرد دوای چەند ساڵێک وازبهێنێت و دەست بەکاری بڵاوکردنەوەی ئاینی کریستیان بکات و وەک بانگخوازێک کاربکات.
 
جۆرج فۆرمان لە ساڵی 1997 وازی لە یاریکردن هێنا و مێژووییەکی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشت.
 
مایک تایسۆن لەسەر مردنی جۆرج فۆرمان گوتی "ئەوەی بۆ بۆکسینگ کردوویەتی هەرگیز لەبیرناکرێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە