رووداو هەولێر
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە رێگای پەیامێکەوە سوپاسی یانەی دهۆک و خەڵکەکەی دەکات بۆ سازکردنی گەورەترین ئاهەنگی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
شەوی رابردوو بە ئامادەبوونی هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ خاڤیێر تێباسی سەرۆکی دەستەی لالیگای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی دهۆک، بەسازکردنی گەورەترین کەرنەڤاڵ و ئاهەنگ شەمەندەفەری وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق کەوتە رێگا، تەواوی بڕگەکانی ئاهەنگەکەی دهۆک بووە مایەی سەرنجی هەموو خەڵکی عێراق و کاردانەوەی جوانی لێکەوتەوە.
عەدنان درجال، لە رێگای پەیامێکەوە، کە کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند "بەنوێنەرایەتی هەموو ماڵباتەکەم لە فیدراسیۆنەکەمان سوپاسێکی گەرمی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەو پاڵپشتی و پێشوازییە گەرمەی لە ئێمە کرد. ئامادەبوونی خاڤیێر تێباسی سەرۆکی دەستەی لالیگا جێگای ستایشە لەو ئاهەنگەدا، کە ئەمە مانای پاڵپشتییەکی بەهێزی کارکردنی هەردوو لامانە".
لە یاریی کردنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک میوانداریی یانەی زەورای کرد، یارییەکە بەبردنەوەی زەورا بەئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر تەواوبوو.
درجال لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت "سوپاسی رێکخەران و تەواوی ئەو کەسانە دەکەم کە کەرنەڤاڵەکەیان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەبرد، ئامادەبوونی رێژەیەکی یەکجار زۆری هاندەر و بەرقەراربوونی ئاسایش لەو کاتەدا مایەی دەستخۆشییە، بۆیە دەڵێم هاندەرانی تۆپی پێی عێراق شایستەی زیاترن و دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ پێشکەوتنی زیاتری تۆپی پێ لە وڵاتەکەمان بدەین".
یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە بەشداری 20 یانە بەڕێوەدەچن، هەریەک لە یانەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ لەگەڵ نەورۆز وەک نوێنەرانی کوردستان بەشداری خولەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ