رووداو هەولێر
تیمی ئیکسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان، توانیان گەشتێکی سەرکەوتوو بۆ لوتکەی کازبێگ لە زنجیرە شاخەکانی قەفقازیا لە وڵاتی جۆرجیا ئەنجامبدەن.
تیمی کورردستان بۆ ئەم گەشتە لە 9 شاخەوانی بە ئەزموون پێکهاتبوون کە بریتیبوون لە: دکتۆر ئەنوەر عەلی محەممەد، سەرپەرشتیاری گەشت، هێمن ئەمین، قاسم مستەفا، داریوش نەبی، ئیدریس والی، محەممەد بابان، محەممەد چاوشین، وەهبی مەهدی.
شاخەوانانی کوردستان، رۆژی 14ـی ئەم مانگە دوای ئەوەی دەگەنە شاری تبلیسی پایتەختی جۆرجیا یەکسەر روودەکەنە گوندی کازبێگ پشوویەک لەوێ دەدەن، دواتر گەشتەکەیان دەستپێدەکەن و لە قۆناخی یەکەمی سەرکەوتنیان توانیان بگەنە کەمپی میتۆ کە بەرزییەکەی 3600 مەترە، دواتر دوای وەرگرتنی پشوویەک گەشتدەکەن بەرەو لوتکە. و ئەزموونداری شاخەوانی کوردستان وایکرد بگەنە لوتکەی چیای کازبێگ کە بەرزییەکەی 5054 مەترە.
دانیال نەبی، سەرۆکی ناوەندی سۆران، بۆ شاخەوانی لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "شاخەوانانی کوردستان توانیان شانازییەکی دیکە بنووسنەوە، ئەویش ئاست و ئەزموونیان وایکرد بگەنە یەکێک لە بەرزترین لوتکە بەرزەکانی جیهان کە لوتکەی کازبێگ".
کازبێگ شاخێکی سەختە و سەرکەوتن بەسەریدا ئاسان نییە، لەبەر بوونی بەفر و سەهۆڵێکی زۆر و کەشێکی سارد، شاخەوانان بە ئێڤرێستی بچووک ناوی دەبەن، شاخەوان کاتێک گەشت دەکات دەبێت زۆر خۆڕاگر و ئەزمووندار بێت.
نەبی زیاتر روونیکردەوە "شاخەوانانی کوردستان بە ئەزموون و شارەزان لە گەشتکردن بۆ شوێنە سەختەکان، بەر لەو گەشتەیان مانگێک ئامادەکاری و راهێنانی زۆرییان کردبوو بە تایبەت لە لوتکەی هەڵگوڕد شەوێک مابوونەوە".
بڕیارە تیمی ئێکسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان دوای کۆتایهاتنی گەشتەکەیان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو، سبەی پێنجشەممە کاژێر 11ی شەو بگەڕێنەوە شاری هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ