ڤیدیۆ؛ نەیمار و سانتۆس بەردەوامن لە بردنەوەکانیان

20-02-2025
ئیحسان تاهیر
نەیمار
نەیمار
نیشانەکردن نەیمار یانەی سانتۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

نەیمار داسیلڤا دوای گەڕانەوەی بۆ بەرازیل بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانەوەی تواناکانی خۆی لە یاریگاکانی تۆپی پێدا.
 
ئەستێرەی بەرازیلی بۆ ماوەی 69 خولەک بەشداری کرد لە یارییەکەی ئەمجارەی سانتۆس بەرامبەر نۆروستیی میوانی، لە گەڕی 11ـی پاڵەوانێتی پاولیستای یانەکانی سەر بە هەرێمی ساوپاولۆ، کە تێیدا تیپی میواندار بەئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
سانتۆس بە گۆڵێکی گیلێرمی چووە پشووی نێوان دوو گێمەکە، کە تێیدا تیپی باڵادەست بوو.
 
لە گێمی دووەمدا، سانتۆس جارێکی دیکە بە هێرشبردنەوە دەستیپێکرد و لە خولەکی 57 لە رێگەی تیکوینۆ سوارێزی هێرشبەرەوە گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
 
پێدرۆ کایسینهای راهێنەر لە خولەکی 69 نەیماری دانیشاند، دوای ئەوەی دڵنیابوو کە مەترسییەکی ئەوتۆ لەسەر تیپەکەی نەماوە.
 
تاسیانۆی یەدەگی نەیمار دوای نۆ خولەک لە هاتنە ناو یاریگا بە گۆڵی سێیەم سەرکەوتنی یانەی خاوەن یاریگای مسۆگەرکرد، سانتۆس ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 15 خاڵ و بەردەوامە لە گرتنی پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە بەرامبەردا نۆروستی بە 7 خاڵ لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەی سێیەمدایە، و چانسی ئەوەی نەماوە بگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، دوای ئەوەی بە 8 خاڵ لە نۆڤۆریزۆنیتۆی پلەی دووەم دوورکەوتەوە.
 
پاڵەوانێتی پاولیستا خولێکی تۆپی پێی پیشەگەرە، ساڵانە لە ویلایەتی ساوپاولۆی بەرازیل ئەنجام دەدرێت. خولەکە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی پاولیستا بەڕێوەدەبرێت، کێبڕکێی نێوان شانزە یانەیە، بەزۆری لە مانگی یەک تاوەکو مانگی نیسان بەردەوام دەبێت.
 
لە پاڵەوانێتییەکەدا چوار لە بەناوبانگترین یانەکانی بەرازیل رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن، کە بریتین لە کۆرینتیانزۆ، پاڵمێراس، سانتۆس و ساوپاولۆ. کۆنترین پاڵەوانێتییە لە بەرازیل، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1902 یەکەمجار ئەنجام دراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە