رووداو هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە بە بەشداری 10 یانە یارییەکانی پاڵەوانێتیی جامی فوتساڵی کچانی عێراق لە شاری دهۆک دەسپێدەکەن.
یارییەکان بەسەرپەرشتی لیژنەی خانمان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەڕێوەدەچن، کە یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون و لە هەر کۆمەڵەیەک دوو یانە بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین سەردەکەون.
یانەکانی کۆمەڵەی یەکەم بریتین لە: ئافرەتانی هەولێر، رافیدەین، تەلسقۆف، بیلادی، جەوییە.
یانەکانی کۆمەڵەی دووەم بریتین لە: زەورا، سناعاتی کارەبایی، قەرەقۆش، ئەلبەدیر، شەهرەبان.
رەشا تاڵب، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و بەرپرسی لیژنەی خانمان، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بە هەواهەنگی لەگەڵ پارێزگاری دهۆک هەموو کارەکانمان بە باشی ئەنجامداوە بۆ پێشکێشکردنی جوانترین جامی فوتساڵی کچان لە مێژووی عێراق".
گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرێکی بیانی پلانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقە، بۆ ئامادەکردنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە. لەم پاڵەوانێتییەدا شارەزایانی یارییەکە باشترین یاریزانان بۆ هەڵبژاردەی نوێی عێراق دەستنیشاندەکەن.
مینا قابیل، یاریزانی یانەی ئافرەتانی هەولێر، بۆ رووداوی روونکردەوە "شانازی دەکەم لە بەشداریکردنم و یاریکردن لە پێکهاتەی یانەی ئافرەتانی هەولێر، خەونم گەیشتنە بە پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق".
یانەی ئافرەتانی هەولێر تاکە یانەی کوردستانییە، کە بەشدارە لە جامی عێراق، یانەکە خاوەن 6 یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و شۆخان نورەدینی یاریزانی پیشەگەری یانەی هیلالی سعوودیە.
بەشدارینەکردنی یانە کوردییەکان وایکردووە بەشێکی زۆری کچە یاریزانەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەست لەگەڵ یانەکانی زەورا و جەویە و یانەکانی دیکە بکەن، یانەکانی کوردستان بەبیانووی نەبوونی پارە بەشداری جامی عێراقیان نەکردووە، بەڵام تێچووی بەشداری یانەکان لەسەر ئەستۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقە.
لە دەستپێکی جامی فوتساڵی کچانی عێراقدا، ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:
ئافرەتانی هەولێر ـ تەلسقۆف
رافیدەین ـ بیلادی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ