رووداو هەولێر
دوێنێ پێنجشەممە تیروپشکی یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بەجامی ئاسیای خانمان لە شاری کوالالامپۆری مالیزیای ئەنجامدرا، هەڵبژاردەی خانمانی عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەشداری دەکات.
دوای تەواوبوونی راکێشانی تیروپشکەکە هەڵبژاردەی خانمانی عێراق لە کۆمەڵەی یەکەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی فەڵەستین، لوبنان، بەحرەین لەگەڵ تایلەند دەکات.
رەشا تاڵب، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و سەرۆکی لیژنەی خانمان لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئاستی هەموو هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەکانی کۆمەڵەکەمان لە یەکدی نزیکە، تەنیا هەڵبژاردەی تایلەند نەبێت کە لە رووی هونەرییەوە بەهێزە، بەڵام بەرنامە و پلانی ئێمە گەورەیە و دەمانەوێت رکابەرییەکی بەهێز بۆ گەیشتن بە جامی ئاسیا بکەین".
یارییەکانی جامی ئاسیای 2025 لە وڵاتی چین ساز دەکرێت، لە پاڵاوتنەکانی جامەکەدا 19 هەڵبژاردە بەشدارن و دابەشکراون بەسەر چوار کۆمەڵەدا، دوای تەواوبوونی یارییەکانی پاڵاوتن نۆ هەڵبژاردەی دەگەنە یارییەکانی جامی ئاسیا.
تاڵب زیاتر گوتی "ئێمە یەکەمجارە بەشداری دەکەین و پلانی یەکەممان ئەوەیە بتوانین هەنگاو بەرەو دەسکەوتی ئاسیاوی بنێین، چەندین کۆبوونەوەشمان لەگەڵ عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنەکەمان لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامداوە".
باشترین ئەنجامی هەڵبژاردەی خانمانی عێراق بەدەستهێنانی نازناوی جامی رۆژئاوای ئاسیا بوو، شاهیناز یاری کە خانمە راهێنەرێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی لە بردنەوەی نازناوەکە کرد.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ژمارەیەک خانمە راهێنەری لە پۆرتوگال بۆ ئامادەکردنی هەڵبژاردەکەی هێناوەتە شاری بەغدا، سێبەشی خانمە یاریزانانی عێراق کوردن و چاوەڕواندەکرێت راهێنانی هەڵبژاردەکە لە چەند هەفتەی داهاتوو دەستپێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ