ئامادەبوونی هاندەرانی ئامەدسپۆر لە یاریگە قەدەخە کرا

18-10-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر کە لە کۆمەڵەی سووری خوولی پلە دووی تۆپی پێی تورکیا یاری دەکات، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی کارامان ئێف کەی دەبێتەوە.
 
یارییەکە کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2023 لە شاری کارامانی تورکیا لە یاریگەی یەنیکارامان دەکرێت و لە کەناڵی یوتیوبی کارامان ئێف کەی راستەوخۆ پەخش دەکرێت.
 
پارێزگای کارامان پێش یارییەکە رایگەیاند، ئامادەبوونی هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆریان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان قەدەخە کردووە.
 
بەهۆی ئەم بڕیارەوە، هاندەرانی ئامەدسپۆر رێگەیان پێنادرێت لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە کارامان بۆ پاڵپشتیکردن لە یانەکەیان بچنە نێو یاریگە.
 
ئامەدسپۆرکە لە دوا حەوت یاریدا، شەش بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ پێشەنگی گرتووە. ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی کارامان ئێف کەی دەبێتەوە و یەکشەممەی داهاتووش لە شاری ئامەد رووبەڕووی یانەی ئیسپارتا 32 سپۆر دەبێتەوە.
 
ئامەد سپۆر کە لە ماوەی چوار رۆژدا دوو یاری دەکات، بە بەدەستهێنانی شەش خاڵی دیکە دەیەوێت جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ رکابەرەکانی زیاتر بکات.
 
یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر کە زۆربەی یاریزانەکانی کوردن، ساڵانێکە لە چەند پارێزگایەکی تورکیا رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبێتەوە؛ لە ئایاری ئەمساڵدا قەدەخەکردنی ئامادەبوونی هاندەرانی لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگای ئامەد هەڵگیرا.
 
هاندەرانی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان ماوەی حەوت ساڵ بوو مافی ئەوەیان نەبوو لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی یانەکە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، سەرباری هەڵگرتنی قەدەخەکە، بەهۆی گوشاری هاندەرانی یانەکانی بەرامبەریان، تائێستاش لە شارەکانی تورکیا رووبەڕووی رێگری دەبنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە