نوری شاهین: ئەوەی لە گەورەیی دۆرتمۆند تێنەگات، لە یانەکە جێگای نابێتەوە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند نوری شاهین بۆندێسلیگا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوری شاهین، راهێنەری یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، داوای لە یاریزانەکانی کردووە زنجیرەی یەکسانبوونەکان کۆتایی پێبهێنن، پاشئەوەی تیپەکە لە دوایین سێ یاریی خۆیدا لە بۆندێسلیگا، نەیتوانی بردنەوە بەدەست بهێنێت.
 
دۆرتمۆند سبەی یەکشەممە لەگەڕی 15ی بۆندێسلیگا، بەرامبەر ولفسبۆرگ یارییدەکات.
 
شاهین، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا دەڵێ، "پێویستە ئەم یارییە ببەینەوە.. دەبێ لەگەورەیی ناوی ئەو یانەیە تێبگەین کە یاریی بۆ دەکەین، هەر کەسێک لە گەورەیی ناوی دۆرتمۆند تێنەگات، پێویستە لێرە بڕوات".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "کێشەی ئەنجاممان هەیە، ناکرێ بەوە رازی بین لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خول بین، من چەندینجار ئەوەم بینیوە، بەڵام راستکراوەتەوە".
 
هەروەها دەڵێ، "پێشبینی لە خۆم و تیپەکەم دەکەم، سەقامگیرتر بێت و جێگیرتر بێت، دەبێ بەزوویی ئەوە بەدەست بهێنین".
 
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا پێشبینیکراوە، هەریەکە لە یولیان براندت و ڤالدیمار ئانتوان بگەڕێتەوە پێکهاتەی دۆرتمۆند، بەڵام هێشتا جولیان رایرسۆن گومان لەسەر بەشداریکردنی هەیە.
 
یارییەکە بۆ دۆرتمۆند، دۆخێکی تۆڵەکردنەوە بەسەریدا زاڵە، پاشئەوەی ولفسبۆرگ لە جامی ئەڵمانیا، دۆرتمۆندی کردە دەرەوە.
 
شاهین دەڵێ، لەدوای یارییەکەوە ئەوان خاڵی زۆریان بەدەستهێناوە و سەقامگیر بوون و جێپەنجەیان روونە، بەڵام ئێمە ئەمجارە بەدۆخێکی جیاوازەوە رووبەڕوویان دەبینەوە و هیواخوازم ئەنجامەکە بەدڵی ئێمە بێت".
 
دۆرتمۆند لە ناوچەی رکابەرییکردن لەسەر پێشەنگی خولەکە زۆر دوورکەوتووەتەوە، ئەو یانەیە پاش 14 گەڕی بۆندێسلیگا، لە پلەی هەشتەمە بە 22 خاڵ و کۆی 14 خاڵ لە بایرن میونشنی پێشەنگی خولەکەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە