تۆماری دەنگیی یارییەکەی ئارسیناڵ و برایتن هەرا دەنێتەوە

دوێنێ کاژێر 03:26
دیاری حەسەن
نیشانەکردن دێکلان رایس یانەی ئارسیناڵ پرێمەرلیگ
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

تۆماری دەنگیی نێوان ناوبژیوان و یاریدەدەرانی لە ژووری ڤار، لە یاری نێوان ئارسیناڵ و برایتن بڵاوکرایەوە و تۆمارەکە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
لە گەڕی سێیەمی پرێمەرلیگ، ئارسیناڵ و برایتن رووبەڕووی یەکبوونەوە و یارییەکە بەیەکسانبوونی هەردوو تیپ بەگۆڵێک کۆتاییهات، لە یارییەکەدا یکلان رایسی ناوەڕاستکاری ئارسیناڵ، بەهۆی دوو کارتی زەردەوە، بەکارتی سوور لە یاریگە دەرکرا.
 
بڵاوکردنەوەی تۆماری دەنگی گفتوگۆی کریس کافاناگی ناوبژیوانی یارییەکە، لەگەڵ ژووری ڤار و یاریزانانی ئارسیناڵ بڵاوکرایەوە و کۆمەڵێک راستیی ئاشکراکرد.
 
لە یارییەکەدا، ئارسیناڵ لەرێگەی کای هاڤێرتزەوە لە خولەکی 38 گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام جواو پیدرۆ گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ برایتن تۆمارکرد لە خولەکی 58 و یارییەکەش بەهەمان ئەنجام کۆتاییهات.
 
هەر لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا دێکلان رایس ناوەڕاستکاری یانەکە کارتێکی زەردی وەرگرت، دوای ئەوەی بە تووندی لە قاچی یاریزانێکی برایتنیدا. لە سەرەتای گێمی دووەمدا، لە حاڵەتێکی گوماناویدا دێکلان رایس بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و زۆربەی هاندەران تووشی سەرسووڕمان بوون لە کارتە سوورەکەی.
 
تۆماری دەنگیی نێوان ناوبژیوان و ناوبژیوانانی ژووری ڤار دەریخستووە، ئەو ناوبژیوانە، پێی ناخۆشە کارتی سوور بە رووی دێکلان رایس بەرزبکاتەوە و دەڵێت "ئەمەم بەدڵ نییە، بەڵام ئەو هیچ ئەگەرێکی بۆ نەهێشتمەوە، تۆپەکەی لەپێش ڤێلتمان لادا و نەیهێشت یارییەکە بەردەوام بێت و بۆمن ئەمە کارتی زەردە، ئەو منی خستە دۆخێکی زۆر سەختەوە".
 
لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئەوەش روونبووەتەوە کە ناوبژیوان کاتێک لەگەڵ ئۆدیگارد قسە دەکات، دەڵێت "هیچ ئەگەرێکم نییە، ئەو منی خستە دۆخیکی سەختەوە".
 
ناوبژیوانەکە، پێشئەوەی کارتی سوور بەڕووی رایس بەرزبکاتەوە، قسەی لەگەڵ یاریزانەکە کردووە و دەڵێت، "ببورە دێکلان، بەڵام پێویستە یاریگە جێبهێڵیت، تۆ تۆپەکەت دوورخستەوە".
 
هاوەرد وێب، ناوبژیوانی مێژوویی و بەناوبانگی ئینگلتەرا، پشتیوانی خۆی بۆ ناوبژیوانی یارییەکە دووپاتکردەوە و گوتی "حاڵەتەکە پێویستی بە کارتی زەردی دووەمە، پێش دەستپێکی وەرز بە یاریزانەکان راگەیەنراوە کە نابێت رێگری بکەن لە دەستپێکردنەوەی یاری، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن، ناوبژیوانەکە یاسای جێبەجێکردووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە