پاش 40 رۆژ کارکردن، جۆرڤان ڤیێرا چی لە نەورۆز گۆڕیوە

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن یانەی نەورۆز جۆرڤان ڤێرا خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆرڤان ڤیێرای راهێنەری نوێی یانەی نەورۆز، ماوەی کارکردنی لەگەڵ یانەکە گەیاندە 40 رۆژ، ئەو کەسانەی لە ڤێراوە نزیکن دەڵێن، گۆڕانکاریی زۆری لە تیپەکەدا دروستکردووە. تەنانەت ڤیێرا کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوەی یاریزانانی تیپەکە دروستکردووە.
 
جۆرڤان ڤیێرای راهێنەری بەرازیلی، ماوەی 40 رۆژە یەکە مەشقییەکانی لەگەڵ یانەی نەورۆز دەستپێکردووە، بەڵام لە ماوەی ئەو 40 رۆژە، شوێن پەنجەی ئەم راهێنەرە بە تەواوی دیارە. 
 
ڤێیرای 70 ساڵان، لە ساڵی 1980وە کاری راهێنەرایەتی دەکات، تاوەکو ئێستا راهێنەری 18 یانە و 5 هەڵبژاردە بووە، ئەمساڵ لەگەڵ یانەی نەورۆز رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامدەدات.
 
ڤیێرا ئەو راهێنەرە بوو کە ساڵی 2007 پێشەوایەتی هەڵبژاردەی عێراقی کرد بۆ بەدەستهێنانی یەکەم نازناو و تاکە نازناوی جامی ئاسیا لە مێژووی خۆیدا.

ڤیێرا و مامەڵەکردنی لەگەڵ یاریزانان 
 
نەوا لەتیف، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی نەورۆز بە رووداوی راگەیاند، ڤیێرا کەسێکی تەواو جیاوازە بە بەراورد بە بەشیک لەو راهێنەرانەی کە 
پێشتر راهێنەرایەتی یانەکەیان کردووە، ڤیێرا زۆر هاوڕێیە لەگەڵ یاریزانەکان و بە شێوەیەکی گشتی کەسایەتییەکی زۆر کۆمەڵایەتیی هەیە، 
لەگەڵ ئەو تێکەڵییەی لەگەڵ هەیەتی، زۆریش رژدە لە کارەکانی و یەکەم رۆژ کە هاتە یانەی نەورۆز، گوتی "من هاتووم نازناو ببەمەوە".
 
بەرپرسی راگەیاندنی یانەی نەورۆز ئاشکرای کرد، راهێنەرە بەرازیلییەکە پێش ئەوەی بێتە یانەکە، گەڕانیکی وردی بۆ یانەکە کردبوو، دەیزانی نەورۆز چەند یاریزانی هەیە و وەرزی رابردوو یانەکە لە چ پێگەیەک وەرزەکەی کۆتایی پێهێناوە، هەروەها ڤیێرا، خوێندنەوەیەکی تەواوی کردبوو بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق.
 
جیا لە راهێنەرەکانی دیکە، جۆرڤان ڤێرا زۆر گرنگی بە سیستەمی ژیانی یاریزانەکان دەدات، نەوا لەتیف دەڵێ، ڤیێرا بە وردی چاودێری خواردنی یاریزانان دەکات و دەیەوێت بزانێت خواردن و خواردنەوەی یاریزانان چۆنە، جگە لە خواردنی یاریزانان، زۆر گرنگی بە خەوی یاریزانەکانیشی دەدات و وەچەرخانێکی نوێی هێناوەتە کایەوە، بەجۆرێک تەنیا بەم 40رۆژە، گۆڕانکارییەکی زۆر لە بیرکردنەوەی یاریزانان دروستکردووە و ئێستا یاریزانان تەواو بە سیستەم مەشق دەکەن.

ڤیێرا لە کاتی مەشقکردن 
 
دکتۆر سەفا کازم، راهێنەری گۆڵچییەکانی یانەی نەورۆز لەبارەی ڤیێرا بۆ رووداو وتی "شێوازی بیرکردنەوەی ڤیێرا زۆر جیاوازە، بەشێوەیەک لەخۆم دەپرسم، ئێمە چۆن بیردەکەینەوە و ئەویش چۆن؟ بە تایبەت لە رووی رێکخستنی کارگێڕیی و رێکخستنی هونەریی تیپ، لە رووی رێکخستنی یەکە مەشقییەکان زۆر پڕۆفیشناڵانە مامەڵە دەکات، بچووکترین خاڵ لەبەرچاو دەگرێت. هەموو پلانی یەکە مەشقییەکان و شێوازی ئەنجامدانییان و چۆنییەتی ئەنجامدانی بەوردی هەڵدەسەنگێنێت، ڤیێرا خۆی سەرپەرشتی دەکات و تەنانەت یارییە دۆستانەکانیش هەر لە ژێر سەرپەرشتی خۆی رێکدەخرێن".
 
سەفا زیاتر دەڵێ، "جیاوازییەکی زۆر لە نێوان راهێنەری نێوخۆیی و دەرەکی هەیە، راهێنەری دەرەکی بە پلان ئامادەکاریی دەکات و کاتێک دێنە یەکە مەشقییەکان بە ئامادەکاریی تەواوە دێن، بەڵام راهێنەرە نێوخۆییەکان کەمتر گرنگی بەو خاڵانە دەدەن".
 
سەفا کازم لە درێژەی قسەکانی باسی لایەنە هونەرییەکەی ڤیێرای کرد "ڤیێرا دوای هەر یارییەک سەیری یارییەکە دەکاتەوە و هەڵەکان دەستنیشان دەکات، ئەگەر هەر هەڵەیەک هەبێت، یاریزانان ئاگاداردەکاتەوە و داوا لە یاریزانان دەکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزدا، ئەم هەڵە زەقانە دووبارە نەکەنەوە". 

ڤیێرا و دەستەی پزیشکی؟ 
 
دکتۆر ئەیوب، پزیشكی یانەکە سەبارەت بە مامەڵەی ڤیێرا و ستافەکەی بە رووداوی گوت "ڤیێرا راهێنەرێکی زۆر تێگەیشتووە لە رووی مامەڵە کردن لەگەڵ ستافی پزیشکیی یانەکە، بە هیچ جۆرێک دەستتێوەردان ناکات لە کاروباری ئێمە، رۆناڵدۆ کاسترۆ راهێنەری توانای جەستەیی، لەگەڵ خۆی هێناوە کە یەکێکە لە راهێنەرە زیرەکەکان و زۆر گرنگی بە ماسوولکەی یاریزانان دەدات و هەمیشە رێنوێنی یاریزانەکان دەکات بەوەی چۆن ماسوولکەکانیان بەهێز بکەن و چۆن خۆیان بپارێزن لە پێکان".
 
ئەو چارەسەرکارەی یاریزانانی نەورۆز هەروەها دەڵێ، "خودی ڤێێرا زۆر لەگەڵ ستافی پزیشکی یانەکە لە پەیوەندیدایە و بەردەوام لەسەر هێڵە، ئەگەر یاریزانێک تووشی حاڵەتێکی نەخوازراو بووبێت لە کاتی ماشقەکاندا یان لە کاتی یارییە دۆستانەکاندا، ئەو خۆی هەوڵدەدات لە پێکانی یاریزانەکە تێبگات و لەگەڵ رۆناڵدۆ کاسترۆ پلانێکی تایبەت بۆ ئەو یاریزانە دادەنێن".
 
یانەی نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ژمارەیەک گۆڕانکاری لە ریزەکانیدا کردووە، یانەکە کۆی یانزە یاریزانی نوێی هێناوەتە ریزەکانییەوە بەمشێوەیە:

یاریزانە نوێیەکانی یانەی نەورۆز 
 
1-  عیماد عیسا، لە یانەی زاخۆوە چووەتە نەورۆز.
2- هانی شاکر، لە یانەی نەفتی ناوەڕاستەوە چووەتە نەورۆز.
3- یڤیس دانیێل، لە یانەی لۆکۆمۆتیڤی بولگارییەوە، چووەتە نەورۆز.
4- عەباس یاسیین لە مازدای تایلەندییەوە چووەتە نەورۆز.
5- ئالای فازڵ، یاریزانی پێشووی یانەی گۆتنبێرگی سوێدی.
6- هەنگاو محەمەد لە یانەی زاخۆ چووەتە نەورۆز.
7- تاقا فەلاح، لە ئەمانەی بەغداووە چووەتە نەورۆز.
8- ئیبراهیم محەمەد، لە پێشمەرگەی سلێمانییەوە چووەتە نەورۆز.
9- ئینتێرس ئۆکسی لە نەهزەی عومانییەوە چووەتە نەورۆز.
10- ئاسۆ رۆستەم لە یانەی شورتەوە چووەتە نەورۆز.
11- ئەیاد عەبد فەرحان، لە یانەی میناوە چووەتە نەورۆز.
 
نەورۆز بەرلە دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، سێ یاریی دۆستانەشی ئەنجامداوە. لە یانەی پێشمەرگەی بردووەتەوە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک. بەیانەی قاسم دۆڕاوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر و لە گازی باکووری بردووەتەوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر.
 
 
 
  
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە