رووداو هەولێر
ئەستێرە و ناوە گەورەکانی مێژووی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، بەڕێوەچوونی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا لە شاری هەولێر بە دەرفەتێکی باش بۆ یانەی جەوییە دەزانن، بۆ بردنەوەی تیپەکە لە یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی.
بڕیارە سبەی دووشەممە لە دەسپێکی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، کاژێر 19:00 لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری هەولێر یانەی جەوییە میوانداری یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی بکات.
لەیس حوسێن، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بێگومان بەدڵنییاوە دەخوازم یانەی جەوییە بباتەوە لەنێو یاریگە و هاندەرانی کە خاڵێکی بەهێزە بۆی، یارییەکە بەهێزە و یانە سپاهان تیپێکی ئاسان نییە و لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندیی خولی وڵاتەکەیەتی و یاریزانی هەڵبژاردەی ئێرانی هەن، یارییەکە بۆ هەر دوو تیپ گرنگە بەتایبەت بۆ جەوییە کە لەنێو خاکی خۆیەتی".
دوێنێ کاژێر 10ـی بەیانی شاندی یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دواتر تیپەکە بۆ پشوودان روویکردە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە لە ناوەڕاستی پایتەختی هەرێمی کوردستان.
عەلی مەنسووڕ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداوی روونکردەوە "هەروەک دەزانن پاڵەوانێتییەکی گرنگە و جەوییە نوێنەرایەتی هەموو عێراق دەکات، ئامادەکارییەکی زۆر کراوە لە شاری هەولێری خۆشەویست و داواکارین لە هاندەرانی هەولێر، دهۆک و زاخۆ پاڵپشتی تیپەکە بکەن، لەبەرئەوەی نوێنەرایەتی هەمووان دەکات و پەنا بەخوا ئاستێک پێشکەش دەکەن کە لە ئاستی ناوبانگی جەوییە و عێراق بێت، رکابەرییەکانی ئاسیا چێژێکی تایبەتی هەیە و یارییەکی ناوخۆیی نییە، یارییەکان جیهانین و وڵاتان سەیری دەکەن و ئامادەکاریی و پلانی تایبەتی بۆ دادەڕێژرێت، هیواخوازم تەمەن بگەڕێتەوە و یاری بکەم لەو یارییەدا، بتوانم ئاستێک پیشان بدەم کە لە ئاستی ناوبانگی یانەکەمان بێت".
یانەی جەوییە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێنا و نازناوی جامی عێراقی بەرزکردەوە، دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولەکە بەرپرسانی یانەکە موئمن سلێمانی راهێنەری میسریان دوورخستەوە و ئەرکی راهێنەری تیپەکەیان دایە ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەری بە ئەزموونی عێراقی.
ریاز عەبدولعەباس، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی جەوییە بە رووداوی گوت "ئەگەر سەیری یانەی جەوییە بکەین، لە دوای ئەوەی نەیتوانی نازناوی وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراق بباتەوە، گۆڕانکاری کردووە و یاریزانی ئاستبەرزی هێناوەتە ریزەکانییەوە، هیوایەکی گەورەمان بە یاریزانانمان هەیە و متمانەشمان بە دەستەی راهێنەران هەیە کە بتوانن دڵی هاندەران رازی بکەن".
لە هەولێر ئامادەکارییەکی زۆر بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکە کراوە، بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی یانەکانی عێراق سیستەمی ڤار لە یارییەکە بەکاردەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ