رووداو هەولێر
یارییەکانی قۆناخی بژاردەی پاڵەوانێتیی تۆپی سەرمێزی عێراق، لە هۆڵی یانەی ئەکاد عەنکاوە لە هەولێر بەبەشداری هەشت یانە بەردەوامە.
ئەمساڵ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەبەشداری 16 یانە بوو، دوای پاڵاوتنەکان هەشتیان سەرکەوتن بۆ قۆناخی بژاردە، کە بریتین لە ئەکاد عەنکاوە، برایەتی، کۆیە، گازی باکوور، سلێمانی، حەشدی شەعبی، گازی باشوور لەگەڵ جەیش.
لە ماوەی سێ رۆژدا یانەکان بەشێوازی خول بەیەک قۆناخ یاری لەگەڵ یەکدیدا دەکەن، هەر یانەیەک زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە نازناوەکە دەباتەوە و راستەوخۆ بلیتی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب وەردەگرێت.
فوئاد محەممەد، ئەندامی لقی هەولێری فیدراسیۆنی تۆپی سەرمێزی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "رکابەرییەکان بەهێزن و ئەوەی ئێمە دڵمان پێخۆشە یارییەکان لە هەولێرن، لە کۆی هەشت یانەی بەشدار پێنج یانە کوردن و رکابەری لەسەر بەرزکردنەوەی جامی پاڵەوانێتییەکە دەکەن".
هەر یانەیەک بۆی هەیە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی پیشەگەر واژۆبکات، سەرجەم یانەکان یاریزانیان لە وڵاتانی ئێران و سوریا هێناوەتە ریزەکانیان تەنیا ئەکاد عەنکاوە بە یاریزانی ناوخۆیی بەشداری یارییەکانی کردووە.
ئەو ئەندامەی تۆپی سەرمێزی هەولێر، زیاتر گوتی "هێنانی یاریزانی پیشەگەر یارییەکانی زۆر بەهێزتر کردووە، ئێمەش بۆ ئەوەی بەجوانترین شێوە میوانداری پاڵەوانێتییەکە بکەین، مێزی یارییەکانمان لە وڵاتی ئیتاڵیاوە هێناوە کە هەمان ئەو مێزەیە کە لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی رۆما هەڵبژاردەکانی جیهان یارییان لەسەرکرد".
لەسەر ئاستی کورستان هەریەک لە یانەکانی سلێمانی و برایەتی بەردەوام لە پلەی پێشەنگی تۆپی سەرمێزی عێراقن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ