رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی بالەی عێراق، کەمپێکی راهێنان لە شاری سلێمانی دەکاتەوە، بە مەبەستی راهێنان و ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی ئاسیا لە ئێران.
یارییەکانی پاڵەوانێتیی ئاسیا کۆتایی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەن، راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە سەرپەرشتی خالید ساڵحی راهێنەر دەستپێدەکەن.
ئازاد حەسەن، سەرۆکی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "هەموو ئاسانکارییەک بۆ تیپەکەمان دەکەین و دەمانەوێت بەشێوەیەکی زۆر باش ئامادەکاری بۆ پاڵەوانێتی ئاسیا بکەین، راهێنەرمان ئاستبەرزە و دڵنیاین لە ئەزموون و تواناکانی".
قۆناخی یەکەمی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی بالەی عێراق لە سلێمانی دوو هەفتەیە، دواتر تیپەکە راهێنانەکانی دەباتە ئێران لەوێ چەند یارییەکی دۆستانەش لەگەڵ یانە ئێرانییەکان ئەنجامدەدەن، عێراق لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتیی ئاسیا یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی سەنگاپوورە و ئێران دەکات.
لە ریزی هەڵبژاردەی بالەی عێراق 5 یاری کورد دەبیندرێن کە بریتین لە: نەوزاد شێرزاد، ئیبراهیم مزەفەر، عەلی تەها، عەبدوڵڵا کەریم، محەممەد مەحموود.
پێشتر بەر لە دوو مانگ هەڵبژاردەی عێراق کەمپێکی راهێنانی لە شارۆچکەی دەربەندیخان بە مەبەستی بەشداریکردن لە یارییەکانی خولی عەرەبی کردەوە، بەڵام هەڵبژاردەکە بەشداریی یارییەکانی عەرەبی نەکرد بەهۆی گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتیی بالەی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ