یانەکانی کوردستان رکابەری باسکەی عێراق دەکەن

15-02-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی باسکەی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ شەممە یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی خولی باسکەی یانە پلە یەکەکانی کوردستان لە هەردوو شاری هەولێر و میسان بەبەشداری 10 یانە دەستپێدەکەن، یانەکانی کوردستان دەیانەوێت بگەنە ریزی یانە نایابەکان. 
 
کێبرکێکە بەسەرپەرشتی یەکێتیی باسکەی عێراقە. لە شاری هەولێر هەریەک لە یانەکانی سابیس، عومال نەینەوا، ناسریە، ئالیات شورتە لەگەڵ ئەلیەقزە لە کۆمەڵەی یەکەم ململانێی یەکدی دەکەن و یارییەکان لەنێو هۆڵی یانەی سابیس لە شاری هەولێر دەکرێن. یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم لەنێو هۆڵی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی شاری میسان بەبەشداری یانەکانی دهۆک، نوعمانییە، شەترە، نەفتی شیمال لەگەڵ نەفتی میسان بەڕێوەدەچن. 
 
بەپێی سیستمی خولەکە لە هەر کۆمەڵەیەک دوو یانە سەردەکەون بۆ قۆناخی چوار گۆشەی زێڕینی خولەکە، بۆ ئەوەی دوو یانە بگەنە یارییەکانی وەرزی داهاتووی خولەکە.
 
نەوشیروان رۆستەم، جێگری سەرۆکی یانەی سابیس، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بەشێوەیەکی زۆر باش و بەپشتبەستن بە ژمارەیەک یاریزانی لاو و بەئەزموون، وەرزی ئەمساڵ دەمانەوێت ببینە ژمارەیەکی قورس و خەونی گەورەمان گەیشتنە بە ریزی خولی نایاب". 
 
شاری دهۆک، بەهۆی ئەنجامە باشەکانی یانەی دهۆک بەر لە 10 ساڵ، بە پایتەختی باسکەی عێراق ناسراوە، بۆیە دوای دابڕانێکی زۆر دهۆکییەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە رۆژانی زێڕین و ببنەوە ژمارەیەکی قورس لە ریزی یانە بەنێوبانگەکانی عێراق. 
 
میقداد رەعدی، ئەستێرەی پێشووی باسکەی یانەی دهۆک، ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەی وەرگرتووە و بۆ رووداو گوتی "وەک ئەرکێک دەمەوێت بەشێوەیەکی خۆبەخشانە جارێکی دیکە ئالهۆێن چیای بگەڕێنمەوە ریزی یانە نایابەکان و هەموو کارەکانیش بەشێوەیەکی خۆبەخش ئەنجام دەدەم". 
 
ئێستا یانەی زاخۆ و دەربەندیخان دوو یانەی کوردستانین لە خولی نایابی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت وەرزی داهاتوو ژمارەی یانە کوردستانییەکان لە خولەکە زیادبن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە