رووداو دیجیتاڵ
سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکاری ئیسپانی و یانەی پاریس سانجێرمان پەیامێک ئاراستەی هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکات، دوای ئەوەی بانگهێشت نەکرا بۆ مۆندیالی 2022.
رامۆس لە پەیامێکدا کە لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە دەڵێت " وەرزی رابردوو بۆ من قورس بوو، بەهۆی پێکانەوە و قۆناخەکانی خۆ گونجاندن لەگەڵ یانەیەکی نوێ و شارێکی نوێ."
بەرگریکاری پاریس سانجێرمان زیاتر گوتی " من هەموو توانایەکم خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە رووی جەستیی و هزرییەوە چاکببمەوە، بگەڕێمەوە ئەو بارودۆخەی کە من هەمیشە پێیەوە ناسراوم، بەو ئامانجەی کە بتوانم درێژە بە خەون و ئامانجەکانم بدەم."
سێرخیۆ زیاتر قسەیکرد و گوتی " دڵخۆشم کە دەتوانم بڵێم ئەم وەرزە هەستدەکەم گەڕاومەتەوە نێو تۆپی پێ و یاری بۆ یانەیەکی گەورە دەکەم، لە شارێکی گەورەی وەک پاریس."
لەبارەی بانگهێشتنەکردنی بۆ مۆندیال رامۆس دەڵێت " بێگومان مۆندیال یەکێک بوو لەو خەونە گەورانەی دەمویست پێی بگەم، دەکرا ببێتە پێنجەم بەشداری من لە مۆندیالدا، بەڵام بەداخەوە دەبێت لە ماڵەوە سەیری یارییەکانی مۆندیال بکەم."
سێرخیۆ رامۆس زیاتر گوتی " کارێکی قورسە، بەڵام خۆر وەک هەمیشە لە بەیانیاندا هەڵدێت، هیچ لەو شتانە ناگۆڕێت کە هەمە، چ بیرکردنەوەی خۆم بێت، چ ئارەزوویەکم بێت، یان پابەندبوون و هەوڵەکانم بێت، هەروەها خۆبەخشی و بیرکردنەوەم لە تۆپی پێ بەدرێژایی 24 کاژێر."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سێرخیۆ رامۆس نووسیوویەتی " ئەمە هەستی منە و دەمەویست لەگەڵ هەمووتان بەشی بکەم، سوپاس بۆ پاڵپشتیتان، ئاڵنگاری و ئامانجی زۆر لە پێشە، بەمزووانە دەتانبینمەوە و هیوای باشترینتان بۆ دەخوازم، هەربژی ئیسپانیا."
هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆندیالی 2022 لە کۆمەڵەی پێنجەمدا بەرامبەر کۆستاریکا، ئەڵمانیا و ژاپۆن یارییدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ