بارسێلۆنا: هالاند دەتوانێت شوێنی لیڤاندۆڤسکی بگرێتەوە

14-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، پێیوایە ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری نەرویجیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، یەکێکە لەو هێرشبەرە کەمانەی کە دەتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا لە شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی، سەرکردایەتی هێڵی هێرشبردنی یانە کەتەلۆنییەکە بکات.
 
دیکۆ لە لێدوانەکانیدا بۆ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، گوتی "گەڕان بەدوای جێنشینی لیڤاندۆڤسکی لە پێشینەی کارەکانی ئێمەدا نییە، چونکە دەبێت سەرنجمان لەسەر ئەم وەرزە بێت، بێگومان دەبێت کاری داهاتوو بکەین، بەڵام ئەگەر سەرنجمان لەسەر بێت زیاتر لەسەر داهاتوو، ئێستا لەبیر دەکەین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "بۆ من لیڤاندۆڤسکی یەکێکە لە باشترین یاریزانە پیشەگەرەکان کە لە ژیانمدا بینیومە، ئەوە بەڕێکەوت نییە کە ئەو لە کوێیە و هەموو ئەم گۆڵانە تۆمار دەکات، یان تەمەنی 36 ساڵە و ئاستێکی بەرز لەم ئاستەدا پێشکەش دەکات. ئەم یاریزانانە بەهۆی پیشەگەریی خۆیانەوە دەگەنە ئەو شوێنەی کە لێینە. ئێمە دڵخۆشین کە بە باشی لەگەڵ تیپەکەدا تێکەڵ دەبێت و گۆڵ تۆماردەکات".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، دیکۆ گوتی "پێموایە ئەمڕۆ زۆر زەحمەتە هێرشبەرێکی وەک لیڤاندۆڤسکی بدۆزرێتەوە، لەوانەیە هالاند یان کەسێکی دیکە. بەڵام بەڕاستی زۆر هێرشبەری لەم ئاستەدا لەبەردەستدا نین".
 
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، گوتیسی "بەڵام ئێمە ئێستا نیگەران نین بۆ گەڕان بەدوای هێرشبەردا، چونکە سەرەتا سەرنجمان لەسەر ئەو شتانە دەبێت کە لیڤاندۆڤسکی دەتوانێت پێشکەشی بکات، دڵنیام لێرە دڵخۆشە، ئەو براوەیە، ئەگەر وەرزێکی گرنگمان هەبێت، پێموایە ئەو یاریزانە دەیەوێت بەردەوام بێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە