وەرزی نوێی خولی کوردستان بە چوار یاریی دەستپێدەکات

14-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی کوردستان دەستپێدەکات، لەم وەرزەدا 16 یانە بەشدارییان لە خولەکەدا کردووە و هەفتانە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی یارییەکانیان دەکرێن.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی خولەکەدا چوار یاریی بەڕێوەدەچن، یانەی برایەتی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی دەربەندیخان یارییدەکات.
 
یاریی لووتکەی ئەم گەڕەی خولەکە لە زاخۆ دەبێت، کاتێک هەردوو یانەی زاخۆ و هەولێر رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە سلێمانی بەرامبەر یانەی نەورۆز یارییدەکات و هەردوو یانەی هەڵۆ و شەقڵاوەش لە بلێ رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ دەکەن.
 
لەم وەرزەی خولەکەدا یانەی شەقڵاوە و سەیدسادق وەک دوو یانەی نوێ کە لە خولی پلە یەکەوە سەرکەوتوون لە خولەکەدا بەشدارن، سەرجەم یارییەکانیشی لە کاژێر 15:00 بەڕێوەدەچن.
 
سەمەد جەوهەر، راهێنەری نوێی یانەی برایەتی کە ئەم وەرزە سەرپەرشتی تیپەکە دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " تاوەکو ئێستا یانەکەی بەتەواوی ئامادەنییە، بەڵام دوای ئەنجامدانی چەند یارییەک ئامانجیان ئەوەیە کە بکەونە سەر رێچکەی راست و ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشکێشبکەن."
 
نیهاد عادل، جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەشداریی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی وەرزش لە رادیۆی رووداو کرد و گوتی " پێشمەرگەی هەولێر زۆرینەی داواکارییەکانی دەستەی راهێنەرانی یانەکە جێبەجێکردووە و ئامانجیان ئەوەیە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە بکەن."
 
عادل لەبارەی بەشداریکردنی 16 یانە لە خولەکەدا گوتی " ئێمە لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەگەڵ ئەوەبووین خولەکە بەشێوەی خول بەڕێوەبچێت، بەڵام بە ژمارەیەکی کەمتری یانە، چونکە رکابەرییەکە بەهێزتر دەبوو و خولەکەش باشتر بەڕێوەدەبرا، چونکە ئێمە لە وەرزی رابردوودا دوو خولی کوردستانمان ئەنجامدا، لەکاتێکدا لە قۆناخی یەکەم و قۆناخی دووەمدا یارییمانکرد."
 
خولی یانە نایابەکانی کوردستان گەورەترین چالاکیی تۆپی پێیە لە کوردستان و یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکەدا بەشێوەی خول بە دوو قۆناخ  ئەنجامدەدرێن.
 
یارییەکانی ئەمڕۆی خولی یانە نایابەکانی کوردستان
 
نەورۆز - پێشمەرگەی هەولێر 15:00
زاخۆ - هەولێر 15:00
برایەتی - دەربەندیخان 15:00
هەڵۆ - شەقڵاوە 15:00
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە