شەڕی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی ناوازە دەستپێدەکات

09-11-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤیکتۆر یۆکێرێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێرشبەرێکی گۆڵکار و ناوازە لە خولی پۆرتوگال لە دەرگای خەزێنەی یانە گەورەکانی ئەورووپا دەدات و گواستنەوەی هاوینی داهاتوو، رکابەریی یانەکان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو گەرم دەبێت.
 
ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەو هێرشبەرە ئاستبەرزەیە کە لە ریزەکانی یانەی سپۆرتینگی پۆرتوگالی یاری دەکات و کەم یاری هەیە گۆڵی تێدا نەکردبێت.
 
ئەو ئاستە بەرزەی یاریزانەکە لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی پێشکێشکرد و هاتریکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد، سەرنجەکانی لەسەر یاریزانەکە زیاتر کرد و ئێستا 6 یانەی گەورەی ئەورووپا چاودێری تواناکانی دەکەن.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "مانچێستەر سیتی، بارسێلۆنا، مانچێستەر یونایتد، پاریس سانجێرمان، بایرن میونشن ئەو یانانەن کە دەیانەوێت رکابەری لەسەر گواستنەوەی هێرشبەرە سوێدییەکە بکەن.
 
یۆکێرێش تەمەنی 26 ساڵە، ئێستا ئەو یەکێکە لە هێرشبەرە پێشەنگەکانی خولە گەورەکانی ئەورووپا، لە 17 یاریی ئەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 23 گۆڵی تۆمارکردووە، لە 5 گەڕی چامپیۆنزلیگدا 4 گۆڵی تۆمارکردووە، وەرزی رابردووش لە 50 یارییدا 43 گۆڵی تۆمارکردبوو.
 
بەپێی سەرچاوەکە یانەی پاریس سانجێرمان، هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە دەستپێکردووە، بەڵام یۆکێرێش نایەوێت پەلە بکات و بڕیار لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بدات.
 
یانەی ریال مەدرید لە کاتێکدا دەیەوێت ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، پێشتر هەوڵی گواستنەوەی ئێرلینگ هالاندی دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
 
دوای ئەوەی رۆبن ئامۆریم، وەکو راهێنەری نوێی مانچێستەر یونایتد دەستنیشانکرا، پرسیاری گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە راهێنەرەکە کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "گواستنەوەی یاریزانەکە زەحمەتە، چونکە نرخی 100 ملیۆن یۆرۆیە و سپۆرتینگ بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت."
 
ڤیکتۆر یۆکێرێش، گرێبەستەکەی لەگەڵ سپۆرتینگ لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 100 ملیۆن یۆرۆیە، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەدا نرخی یاریزانەکە دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ و رۆیشتنی یاریزانەکە لە ریزەکانی پاڵەوانی پۆرتوگال لەسەر رێککەوتنی یاریزانەکە و یانەکە دەمێنێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە