رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا سزای تووندی بەسەر جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فەنەربەهچەی تورکیدا سەپاند، پاشئەوەی ئەو راهێنەرە هێرشی تووندی کردە سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە.
مۆرینیۆ لە دوای سەرکەوتنی زەحمەتی تیپەکەی بەسەر ترابزۆن سپۆر لە رکابەرییەکانی خولی تورکیا، خولەکەی بە 'بۆگەن' ناوبرد و ئاماژەی بەلایەنگیریی ناوبژیوانان بۆ یانەکانی دیکە کرد.
دەستەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، لێدوانەکانی مۆرینیۆی بە "ناوەرزشی"ناوبرد، بڕی 900 هەزار لیرەی تورکی کە دەکاتە 26 هەزار و 200 دۆلار، سزا بەسەر ئەو راهێنەرەدا سەپاند، بەهۆی گومانکردن لە بێلایەنیی ناوبژیوانانی خولەکە و بەرپرسانی دیکەی فیدراسیۆنەکە.
فیدراسیۆنەکە هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی سزاکەیەدا، رایگەیاندووە کە مۆرینیۆ، بۆ یارییەک رادەگیرێت و بڕی 58500 لیرەی تورکی (1700 دۆلار) سزا دەدرێت، بەهۆی هەڵسوکەوتی ناوەرزشیی بەرامبەر هاندەرانی تیپی بەرامبەر و لەو یارییەدا کە مۆرینیۆی تێدا رادەگیرێت، ئەو راهێنەرە بۆی نییە بچێتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی تیپەکەی.
سزای راگرتنەکەی سپێشەڵ وەن، لە یاریی داهاتووی تیپەکەی بەرامبەر سیڤا سپۆر جێبەجێدەکرێت کە بڕیارە سبەی یەکشەممە ئەنجام بدرێت.
مۆرینیۆ، راهێنەری پێشووی چێڵسی و ریال مەدرید گوتبوی "خولی تورکیا بۆگەنی کردووە" پرسیاری کردبوو لەبارەی بیانووی هاندەران لە دەرەوەی تورکیا بۆ تەماشاکردنی خولی ئەو وڵاتە.
جۆزێ، ئەوەشی گوتبو کە ئەو بەمەشقدانی یانە تورکییەکە رازینەدەبوو ئەگەر بەرپرسان ئاگاداریان بکردایەتەوە لە دۆخی راستەقینەی خولەکە.
مۆرینیۆ دوای سەرکەوتنە زەحمەتەکەی تیپەکەی بەسەر ترابزۆن سپۆردا لە دوای 12 خولەک کاتی زیادکراو، شێتانە ئاهەنگی گێڕا.
مۆرینیۆ لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، لە نێو پلیکانەکانی یاریگەوە ئامادەی یاریی نێوان تیپەکەی و ئەلکماری هۆڵەندی بوو، کە تیپەکەی بە 3 - 1 گۆڵ دۆڕا، پاشئەوەی سزای راگرتنی بەسەردا جێبەجێکرا، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردووی تیپەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، لە یۆرۆپالیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ